تەکنەلۆژیا

چین دوایین مانگی دەستکرد ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکات

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سێشەممەی ڕابردوو وڵاتی چین دواین مانگی دەستکردی"بێیدۆو"ی بە سەرکەوتووی ڕەوانەی خولگەی زەوی لە بۆشایی ئاسمان کردووە. بەمەش چین کۆتایی بە کاری دروستکردنی سیستەمێکی شوێنی جوگرافی نوێ هێنا کە چەندین ساڵە کار بۆ دامەزراندنی دەکات تاکو ڕکابەری سیستمی (GPS)ی ئەمریکی پێ بکات.

بە گوێرەی ئاژانسەکە، بیرۆکەی داهێنانی سیستمی "بێیدۆو" کە بە مانای نغرۆکەری گەورە دێت لە زمانی چینیدا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٩٠ کاتێک سوپای چین هەوڵی دەدا کەمتر پشت بە سیستەمی (GPS) ببەستێت کە لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریکاوە خاوەنداریەتی دەکرا. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٠ دا ئەمریکا بەکارهێنانی سیستمەکەی لەلایەن چینەوە سنوردار کرد و لە بەرامبەردا چین یەکەم نەوەی مانگی دەستکردی "بێیدۆو"ی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد. لە ئێستادا خزمەتگوزارییەکانی سیستمی "بێیدۆو" بۆ نموونە چاودێری کردنی جووڵە و هاتوچۆ، بۆ نزیکەی ١٢٠ وڵاتی جیهان نێردراوە و بەکاردێت.

جێی ئاماژەیە، لەگەڵ گەشەکردنی بەکارهێنانی ئامێرە تەکنۆلۆژییەکان لە ساڵی ٢٠٠٣دا بە تایبەتی مۆبایل، چین دەیوست پەیوەندی بە پڕۆژەی سیستمی شوێنپێ هەڵگری مانگی دەستکردی گالیلۆوە بکات کە ئەوکات یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری کردبوو بەڵام لە کۆتایدا کشایەوە و سەرنجی خستەسەر سیستمی "بێیدۆو" .