تەکنەلۆژیا

تۆڕی ئینتەرنێتی "O_2" بە شێوەکی چاوەڕوان نەکراو ژمارەیەک بەشداربووی قەرەبوو دەکاتەوە



لە هەواڵێکی "BBC"ی بەریتانیدا هاتووە، تۆڕی ئینتەرنێتی "O_2" کە تایبەتە بە مۆبایل و لەلایەن کۆمپانیای "تێلێفۆنیکا"وە خاوەنداریەتی دەکرێت لە دوای ١٥ ساڵ و بە شێوەکی چاوەڕوان نەکراو بەشداربووانی قەرەبوو دەکاتەوە بە ناردنی چەکێکی پارە بۆ هەر بەشداربوویەک کە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ بڕێکی زۆرتری پارەیان لە ڕێژەی دیاریکراو لێوەرگیراوە لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەکانی تۆڕی ئینتەرنێتی کۆمپانیاکە.
بە پێی هەواڵەکە، دوای ئەوەی ژمارەیەک لە بەشداربووانی تۆڕەکە لە پاش ماوەیەکی زۆر و کۆتایهێنانیان بە بەکارهێنانی تۆڕەکە دەبینن بە بڕێک پارە قەرەبوو کراونەتەوە و چەکێکی پارەیان لەلایەن کۆمپانیاکەوە بە دەست دەگات، بە لایانەوە نامۆ دەبێت و پێیان وایە کە ساختەکاری ئەلیکترۆنییە، بۆیە زۆرێکیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا جریوەی لەبارەوە دەکەن.
لە بەرامبەردا کۆمپانیای "تێلێفۆنیکا" ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە و پشتڕاستی دەکاتەوە کە چەکەکان ڕاستین و ساختە نین، هەروەها ئاماژە بە هۆکاری کێشەکە دەکات و ڕایدەگەیەنێت " بە درێژایی ئەو ماوەیە ژمارەیەک لە بەشداربووان دوو جار ناویان لە لیستی پارەی خزمەتگوزارییەکاندا هاتووە بۆیە بڕێکی زۆرتر لە ڕێژەی دیاریکراو پارەیان لێوەرگیراوە".