تەکنەلۆژیا

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت تەواوی لقەکانی لە جیهاندا دادەخات



بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی "ئەسۆشییەتێد پرێس"، هەینی ڕابردوو کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاندووە کە نزیکەی تەواوی لقەکانی لە جیهاندا بە شێوەیەکی هەمیشەیی دادەخات بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.
لە هەواڵەکەشدا هاتووە کە پێشتریش وەک هەموو ئەو کۆمپانیایانەی بازرگانی بە ئامێری ئەلیکترۆنییەوە دەکەن، کۆمپانیا گەورەکەی مایکرۆسۆفتی تایبەت بە بەرنامەسازی و دروستکردنی ئامێری ئەلیکترۆنی لە کۆتاییەکانی مانگی ئازاری ڕابردوودا ناچاربوو تەواوی لق و ناوەندە خزمەتگوزارییەکانی بە شێوەیەکی کاتی دابخات بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ وە. لە ئێستادا کۆمپانیاکە ٨٣ لقی لە تەواوی جیهاندا هەیە کە ٧٢ی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و ئەوانی دیکە لە دەرەوەی ئەمریکان کە تێیاندا دواین ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی وەک لاپتۆپ و کۆمپیوتەر و تەواوی بەرهەمەکانی مایکرۆسۆفت نمایش دەکرێت و دەفرۆشرێت.
سەبارەت بەو هەنگاوەش بەرپرسانی کۆمپانیاکە هەنگاوەکەیان بە گۆڕانێکی ستراتیژی وەسفکردووە لە بواری بازرگانی ئەلکترۆنی و ئاماژەیان بەوە داوە بەم شێوەیە دەتوانن لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە کاڵا و بەرهەمەکانیان نمایش بکەن و بیفرۆشن لە پاڵ ئەوەشدا بە نیازن چوار لە گەورەترین ناوەندەکانیان لە شارەکانی نیویۆرک و لەندەن و سیدنی و بارەگای سەرەکیان لە ناوچەی ڕیدمۆنەد لە واشنتۆن دووبارە بکەنەوە.
لە کۆتایدا مایکرۆسۆفت ڕایگەیاندووە کە سەرجەم کارمەندەکانی ئەو لقانە لەسەر کارەکانیان دەمێننەوە و هەلی کارکردنیان لێ زەوتناکرێت.