تەندروستی

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی باشترین ڕێگا بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەخاتەڕوو

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێت هاوڵاتیان خۆیان دەتوانن باشترین ڕێگا بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاربێنن کە ڕێگایەکی باشترە لە ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا

هانز کلوگ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کیشوەری ئەوروپا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەی " دەیلی مەیل "ی بەریتانی ئاماژەی بەوەکردووە کە پارێزگاری لە دووری نێوان تاکەکان و دەست شوشتن باشترین ڕێگایە بۆ خۆپاراستن لە توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا

ئاماژەی بەوەکردووە کە خەڵکی پێیانوایە ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا خێراترین چارەسەرە بۆ روبەروبونەوەی ڤایرۆسەکە بەڵام تا ئێستا زانراونییە کە ئایا ئەم ساڵ ئەو ڤاکیسنە بەردەست دەبێت یان نا، ڕەنگە هەموو وڵاتان بەیەکسانی چانسی دەستکەوتنی ڤاکسینەکەیان نەبێت بۆیە دەست شوشتن و پارێزگاری لە مەودای نێوان تاکەکان و تێکەڵاونەبوونی کۆمەڵایەتی باشترین چەکی روبەروبونەوەی ڤایرۆسەکەیە

لە کۆتای ساڵی ٢٠١٩ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری ووهان لە وڵاتی چین بڵاوبۆوە تا ئێستا زیاتر لە ١١ ملیۆن حاڵەتی توشبوون و نیوملیۆن حاڵەتی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکە لە جیهاندا تۆمارکراوە