تەندروستی

لە نەشتەرگەرییەکی دەگمەندا دوانەیەکی بەیەکەوە لکاو لێک جیاکرانەوە

بەپێی وتەی دکتۆرانی نەخۆشخانەی منداڵانی ڤاتیکان دوانەیەکی تەمەن دوو ساڵ کە بەشی سەریان بەیەکەوە لکاوبوو لە نەشتەرگەرییەکی دەگمەندا بە سەرکەوتوویی لێک جیاکرانەوە

ماڵپەڕی "ئیندپێندنت" لە بابەتێکدا باس لە لێکجیاکردنەوەی دوو منداڵی تەمەن دوو ساڵ دەکات کە لە بەشی سەریاندا بەیەکەوە لکاوبوون بە نەشتەرگەری توانراوە بەبێ گیانلەدەستدانی هیچ کامیان لە یەکتر جیابکرێنەوە

ئێرڤینا و پرێفینا ، ئەو دوانەیەن کە هەر لە زگماکییەوە بەشی پشتەوەی سەریان بەیەکەوە لکاوە و چەند بۆرییکەی گرنگی خوێنیان هاوبەش بووە لە بەشی مێشکیاندا، ئەمەش وای کردووە نەشتەرگەری لێک جیاکردنەوەیان ئاسان نەبێت، هەر بۆیە دکتۆرەکانی نەخۆشخانەی "Bambino Gesu Paediatric" بۆ ماوەی دوو ساڵ سەرقاڵی  پلاندانان و جێبەجێکردنی لێک جیاکردنەوەی ئەم دوانەیەن بە پاراستنی سەلامەتی گیانی منداڵەکان

هەر بۆیە لە نەشتەرگەرییەکی دەگمەندا کە نزیکەی 18 سەعاتی خایاند و 30 دکتۆر بەشداریان تیادا کرد و وێنەی سێ ڕەهەندی تیادا بەکارهاتووە توانرا بە سەرکەوتوویی لە یەکتر جیابکرێنەوە

د.کارلۆ ماراس، سەرپەرشتیاری نەشتەرگەرییەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆمیدیاکانی وڵاتەکە لە بارەی ئەنجامی نەشتەرگەرییەکە ڕایگەیاندووە "نەشتەرگەریەکە سەرکەوتوو بووە و پێشبینی دەکرێت دوانەکە بتوانن ژیانێکی ئاساییان هەبێت لە دوای ماوەیەک لە ساڕێژبوونەوە"