تەندروستی

بۆ یەکەم جار لە نیو یۆرک هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ڕۆژێکدا تۆمار نەکرا

هەرچەندە ماوەی چەندین مانگە ئەمریکا لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدا دێت کە زۆرترین ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێدایە و شاری نیو یۆرک بەشێکی زۆری حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکەی تێدایە، بەڵام تازەترین ئاماری دڵخۆشکەر لەبارەی شارەکەوە تۆمارنەکردنی هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدانە بە کۆرۆنا لە ماوەی 24 سەعاتدا

ماڵپەڕی "سی ئێن ئێن" لە نوێترین هەواڵەکانیدا لەبارەی کۆرۆنا باس لە شاری نیو یۆرک دەکات کە لەدوای چەندین مانگ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری نیو یۆرک ڕۆژی دوو شەممەی ئەم هەفتەیە هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمار نەکراوە

پارێزگاری نیو یۆرک "بیل دێ بلاسیۆ" ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نیو یۆرک لە ئێستادا ٪2 ە ، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە شەڕی ڕووبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەکە کۆتایی هاتووە

ئاماژەی بەوەشکردووە کە ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو گەنجانی تەمەن 20 بۆ 29 ساڵدا ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە