تەندروستی

لە سەردەمی کۆرۆنادا یەک میلیۆن کەس واز لە جگەرەکیشان دەهێنن

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئەو کەسانەی کە لە سەردەمی کۆرۆنادا وازیان لە جگەرەکێشان هێناوە لە بەریتانیا بە زیاتر لە یەک میلیۆن کەس دەخەمڵێنرێت

ماڵپەڕی "سی ئێن ئێن " باس لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەکات کە تێیدا دەرکەوتووە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا و لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا لە بەریتانیا وازیان لە جگەرەکێشان هێناوە بەزیاتر لە یەک میلیۆن کەس خەمڵێنراوە

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەپێی شیکارییەکان زیاتر لە 440 هەزار کەس پەتای کۆرۆنایان وەک هۆکارێک بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان بەکارهێناوە و ڕێکخراوی "Action on Smoking and Health" لە شیکارییەکانیدا دەریخستووە کە ڕێژەی بەرزی ئەو کەسانەی کە وازیان لە جگەرە کێشان هێناوە لەنێو گەنجاندایە وەک لە جگەرەکێشە بەتەمەنەکان

حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە کەسانی جگەرەکێش ئەگەری توشبوونیان بە پەتاکە و دەرکەوتنی نیشانەکان تێیاندا بەشێوەیەکی قورس زیاترە وەک لە کەسانێک کە جگەرە ناکێشن

لەلایەکیترەوە د.روس شارک، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە دەڵێت " پەیامی من بۆ ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن لەئەمڕۆدا ئەوەیە، تکایە چیتر چاوەڕێ مەکەن ئەگەرچی تەندروستیش بن ئێستا یان کێشەیەکی تەندروستیشتان هەبێت بەهۆی جگەرەکێشانەوە ئەوە ئێستا ڕۆژی ئەوەیە کە واز لە جگەرەکێشان بهێنن، ئەمە ئەتوانێت ژیانتان بگۆڕێت"