تەندروستی

توێژینەوەیەک: ئەو دەمامکانەی لە ماڵەوە دروست دەکرێت پێویستە دوو یان سێ چین بێت

ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەبارەی توانای ئەو دەمامکانەی کە لە قوماش دروست دەکرێن لە ماڵەوە دەریخستووە کە دەبێت لە دوو چین یان سێ چین پێک بێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە گواستنەوەی ڤایرۆس بکات

ماڵپەڕی " سی ئێن ئین" لە نوێترین هەواڵیدا لەبارەی بەکارهێنانەکانی دەمامک بۆ ڕێگری لە توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێی بڵاوکردۆتەوە کە ڕایگەیاندووە ئەو دەمامکانەی بەشێوەیەکی دەستکرد لە قوماش دروست دەکرێن دەبێت لانی کەم دوو چین یان زیاتر بێت، بەم شێوەیە دەتوانێت کەسەکە بپارێزێت لە توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەر ڤایرۆسێکی تر

توێژینەوەکە لەلایەن تیمێک لە لێکۆڵەرانی ئوسترالییەوە ئەنجام دراوە و کورتە ڤیدیۆی توێژینەوەکە لە پێگەی "Thorax" کە تایبەتە بە بابەتە پزیشکییەکان بڵاوکراوەتەوە، بەراوردێک کراوە لەنیوان کاریگەری دەمامکی لە قوماش دروستکراوی یەک چین لەگەڵ دوو چین ئەویش بە بەکارهێنانی ڕوناککەرەوەی لید و کامێرای پێشکەوتوو بۆ تۆمارکردنی ڕێژەی ئەو تەنۆلکانەی کە لە کاتی کۆکە و پژمین یان قسەکردن دا دەردەچێت لە کاتی بەستنی هەریەک لە دەمامکی یەک چین و دوو چین

لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە هەرچەندە دەمامکە یەک چینەکانیش کاریگەرییان هەیە لەسەر کەمکردنەوەی تەنۆلکەکان بەڵام کاریگەری دەمامکە دوو چینەکان زیاترەو ڕێژەیەکی کەمتری ئەو تەنۆلکانە بڵاو دەبنەوە لە کاتی بەستنی دا