تەندروستی

لە جەژنی قوربان دا ئاگاداری ئەمانە بە!

هەرچەندە ئەمە یەکەم جەژنی ئایینی نییە کە لە سەردەمی کۆرۆنادا بەڕێوەدەچێت و جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا بڵاوببوەوە، بەڵام مەترسییەکانی بڵاوبونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جەژنی قوربان دا زیاترە بەهۆی قوربانیکردن و دروستبوونی قەرەباڵخی و بەخشینی گۆشتی خێر بە یەکتر

ماڵپەڕی "سەباح" لە چەند بابەتێکی جیاوازدا لەبارەی بەڕێوەچوونی جەژنی قوربان و مەترسییەکانی زیاتر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم جەژنەدا کە تەنها چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە، چەند هۆشدارییەکی شارەزایانی بڵاوکردۆتەوە کە پێویستە هاوڵاتیان لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەت لە وڵاتانی موسڵمان ئاگاداری بن کە ئەمانەن:

1.لە کاتی قوربانیکردن و سەربڕینی ئاژەڵ دا پێویستە کەمترین کەس بەشداری بکات و قەرەباڵخی دروست نەکرێت ئەمە لەگەڵ پابەندبوون بە ڕێنماییەکان و بەستنی دەستکێش و دەمامک و دەستشتن بە شێوەیەکی بەردەوام

2. ئەگەر لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵەکەدا ڤایرۆسەکە لە هەر توشبوویەکەوە بگوازرێتەوە بۆ ناو گۆشتەکە ئەوا ئەو ڤایرۆسە دەتوانێت لەنێو گۆشتەکەدا بژی بۆ ماوەی زیاتر لە چوار سەعات ئەمەش مەترسی توشبوونی ئەو کەسانەی گۆشتەکە وەردەگرن زیاتر دەکات، بۆیە پێویستە پێش بەکارهێنانی بە باشی بشۆردرێتەوە و بکوڵێنرێت

3.لە کۆمەڵگە موسڵمانەکان دا لە بۆنەکانی جەژندا سەردانیکردنی خزم و کەسە نزیکەکان و بەتایبەت گەورەی خێزانەکان وەک نەنک و باپیر زۆر باوە و زۆر کات یەکتر لە ئامێزگرتن و دەست ماچکردنی گەورەکان وەک نیشاندانی ڕێز دەکرێت، بەڵام لە ئیستادا ئەمە دەبێتە مەترسییەکی گەورەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە و پێویستە لەم جەژنەدا واز لەم نەریتە بهێنن

4.بەخشینی شیرینی و نقوڵ و شوکولاتە یەکێکیترە لە نەریتە باوەکان لە ڕۆژانی جەژندا، ئەو قاپە شیرینیەی کە دەستی چەندین کەسی بەردەکەوێت لە ڕۆژەکەدا یەکێکیترە لە مەترسییە هەرە گەورەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێویستە خۆتان لەم نەریتەش بەدوور بگرن

5.باشتر وایە سەردانی کردنی ئازیزانتان سنووردار بکەن و لە ئەگەری یەکتر بینیندا دڵنیابن لە پاراستنی مەودای سەلامەتی نێوانتان ئەمە لەگەڵ ئەوەی سەلامەتترین ڕێگا پیرۆزباییکردن لە یەکتر لە ڕێگەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنە و دروست نەکردنی قەرەباڵخی بە سەردانکردن و یەکتر بینین