تەندروستی

هۆکاری دروستبوونی یەک تاڵە مووە درێژەکان

ئەمە حاڵەتێکە بەسەر زۆربەمان دا هاتووە، کاتێک دەست لە ژێر چەناگەت ئەیەیت یان دەست لە قۆڵەکانت ئەیەیت دەبینیت تاڵێکی باریکی درێژی سپی یان ڕەنگ زەردی کاڵ هەیە کە زۆر درێژە  بەراورد بە تاڵە مووەکانی تر

ڕەنگە زۆرکات وا بیرتکردبێتەوە کە ئەمە بەس لە تۆدا ڕووی داوە یان وا تێگەیشتبێتیت کە لە شەو و ڕۆژێکدا ئەم تاڵە مووە بەم شێوەیە درێژ بووە، بەڵام لە ڕاستیدا بەو شێوەیە نییە

ماڵپەڕی "برایت ساید" لە بابەتێکدا چەند زانیارییەکی گرنگ لە بارەی هۆکارەکان و ماوەی دروستبوونی ئەم تاڵە مووانەی خستۆتە ڕوو

هەرچەند ئەم حاڵەتی دروستبوونی تاڵە مووە درێژانە لە زۆر کەسدا بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ڕوو دەدات بەڵام هیچ زاراوەیەکی تایبەت بەم بابەتە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند بیردۆزێک هەیە کە باس لەم حاڵەتە دەکات

پسپۆڕانی پێست و نەخۆشییەکانی پێست پێیان وایە کە درێژبوونی ئەم تاڵە مووانە بەشێوەیەکی نائاسیی بەهۆی هۆڕمۆنەکان و هۆکاری بۆماوەییەوە ڕوو دەدات کە وا دەکات زیاتر گەشە بکەن و درێژتربن لە تاڵە مووە ئاساییەکان

هەندێ کەس بەهۆی ئەوەی بە ڕێکەوت ئەم تاڵە مووە دەبینن پێیان وایە کە لە شەوو ڕۆژێکدا بەوشێوەیە درێژ دەبێت، بەڵام ئەمە لە ڕاستیدا وا نییە بەڵکو بە ماوەیەکی زۆر بەو شێوەیە گەشە دەکات بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ڕەنگی زەردی کاڵە یاخود لە ڕەنگی پێستەوە نزیکە و باریکە بۆیە بە ئەستەم هەستی پێدەکرێت و دەبینرێت و زۆرکات دوای ماوەیەکی زۆر کەسەکە بەرچاوی دەکەوێت