هەمەڕەنگ

دکتۆری هەژارانی میسر کۆچی دوایی کرد

د.محەمەد مشالی ناسراو بە "دکتۆری هەژاران" ی میسر کە 50 ساڵی تەمەنی تەرخان کردووە بە چارەسەرکردنی نەخۆشانی هەژار بە بێ بەرامبەر، ئەم هەفتەیە لە تەمەنی 76 ساڵی دا کۆچی دوایی کرد

ماڵپەڕی "میدڵ ئێست مۆنیتەر" هەواڵی مردنی دکتۆرە بەنێوبانگەکەی میسری بڵاوکردۆتەوە کە بە "دکتۆری هەژاران"ی میسر بەنێوبانگ بوو

د.محەمەد پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کرمی بیلهارزیا و کرمی ڕیخۆلە، ئەو نەخۆشییانەی لە ناوچەیەکی تایبەت دا بڵاودەبنەوە بە تایبەت کاریگەری لەسەر هەژارەکان بەجێ دەهێڵن لە ناوچە هەژار نشینەکان

ئەم دکتۆرە بەنێوبانگ بووە بە هاوکاریکردنی هەژاران و خزمەتێکی زۆری گوندنشینانی کردووە لە ڕووی چارەسەری تەندروستییەوە، بە جۆرێک کە هەندێک جار خۆی دەرمانی بۆ ئەو نەخۆشانە کڕیوە کە باری داراییان لاواز بووە و توانای کڕینی دەرمانیان نییە

کاتێک لێی دەپرسن چی وای لێکردووە بەم شێوەیە یارمەتی هەژاران بدات لە وەڵامدا دەڵێت " خەڵکی هەژار هەیە، منیش بە هەژاری گەورەبووم، باوکم پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات پێی وتووم کە دەبێت هەمیشە ئاگام لە کەسانی نەبوون و کەم دەرەتان بێت و هاوکارییان بکەم"