هەمەڕەنگ

کۆرۆنا زیانی گەورەی بە کەرتی گەشتیاری گەیاندووە

دەستەی گەشت و گوزاری جیهانی ڕایدەگەیەنێت ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی گەورەی بە کەرتی گەشت و گوزار گەیاندووە .

لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستی گەشت وگوزاری جیهانی ڕایگەیاندووە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆتە هۆی داخستنی سنوری نێوان وڵاتان و فرۆکەخانەکان بەوەش زیانێکی گەورە بەکەرتی گەشت وگوزاری وڵاتانی جیهان کەوتووە .

لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەکراوە وڵاتی مەکسیك لە ڕیزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەیە زیانێکی زۆری ئابوری بەرکەوتووە بەوهۆیەی لە ١٥،٥٪ی داهاتەکەی پشتی بە کەرتی گەشتیاری بەستووە .

ئەوەش خراوەتەڕوو بەهۆی زوو بڵاوبونەوە و تۆمارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە توشبوون و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا زیانێکی زۆر بە کەرتی گەشتیاری ئەو دوو وڵاتە کەوتووەو لە ڕیزبەندی دووەم و سێیەمی ئەو ولاتانەن کە ئابووری وڵاتەکەیان بە ڕێژەیەکی زۆر پشتی بە کەرتی گەشتیاری بەستووە .


پێشتریش دەستەی گەشت وگوزاری جیهانی ئاماژەی بەوەکردبوو بە تەنها لە ٤ مانگی یەکەمی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی ٢٠٠ ملیار دۆلار بەو کەرتە گەیشتووە،لای خۆشییەوە یەکێتی هێڵە ئاسمانییەکان لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری دابوو لەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی بە کەرتی گەشتیاری ئاسمانی گەیاندووە و ٢٥ ملیۆن کارمەندی ئەو کەرتە مەترسی لەسەر لەدەستدانی کارەکانیان هەیە .