هەمەڕەنگ

کۆمپانیایەک گرانترین دەمامک بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا دروست دەکات

کۆمپانیایەکی دروستکردنی خشڵ و کەلوپەلی جوانکاری ئافرەتان لە ئیسرائیل گرانترین دەمامک دروست دەکات  کە نرخەکەی 1.5 میلیۆن دۆلارە

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری "فۆکس بیزنس" کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی کە تایبەتە بە دروستکردنی خشڵ و کەلوپەلەکانی جوانکاری ئافرەتان بڕیاریداوە گرانترین دەمامک دروست بکات کە بە نرخی 1.5 میلیۆن دۆلار لە داهاتوودا دەفرۆشرێت

دەمامکەکە بەجۆرێک دروست دەکرێت کە لە 18-کارات ئاڵتوونی سپی پێکدێت و 3،600 ئەڵماسی ڕەش و سپی بۆ ڕازاندنەوەی بەکاردەهێنرێت، ئەمە لەگەڵ بوونی فیلتەری N99 لە ڕووی سەرەوەیدا

ئایزک لێڤی، دیزاینەر و خاوەنی کۆمپانیای " ئڤێڵ " دەڵێت کڕیاری دەمامکەکە دوو داواکاری هەبووە ئەوانیش: تەواوکردنی دەمامکەکە پێش کۆتایی ئەمساڵ، لەگەڵ ئەوەی کە دەبێت دەمامکەکە بەنرخترین دەمامک بێت لە جیهاندا

هەرچەندە لێڤی ڕەتیکردۆتەوە کڕیاری دەمامکەکە ئاشکرا بکات، بەڵام دەوترێت کە بازرگانێکی چینییە و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژی

لیڤی دەڵێت " هەموو شتێک بە پارە ناکڕدرێت، بەڵام کاتێک کەسێک گرانترین دەمامکی خۆپاراستن لە کۆرۆنا دەکڕێت و دەیبەستێت و سەرنجی خەڵک ڕادەکێشیت، ئەمە دڵخۆشییەکە بۆ ئەو کەسە"