تەندروستی

تەندروستی جیهانی : کۆرۆنا لە ڕێگای خواردنی هاوردەکراوەوە ناگوێزرێتەوە

دەنگۆی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕێگای ئەو خوردەمەنیانەی لە وڵاتانی ترەوە هاوردە دەکرێت ترس و دڵەڕاوکێی لەناو خەڵک دا دروست کردووە رێکخراوی تەندروتسی جیهانیش ڕایدەگەیەنێت کە کۆرۆنا لە ڕێگای ئەو ماددە خۆراکیانەوە ناگوێزرێتەوە .

ڕۆژی پێنج شەممە مایکڵ ڕاین بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند تا ئێستا هیچ توێژینەوە و بەڵگەیەکی سەلمێندراو لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕێگای خواردنە
هاوردەکراوەکان
دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ .

بە پێی هەواڵی ئاژانسە چینیەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە شاری شینزین لە وڵاتی چین دوای ئەنجامدانی پشکنینی ئاسایی بۆ ئەو مریشکە بەستوانەی لە وڵاتی بەڕازیلەوە هاوردەی چین کراون  دەرکەوتووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنایان پێوەبووە، دواتر بەرپرسانی شارەکە ڕایاندگەیاندووە کە پشکنییان بۆ هەموو ئەو کەسانە کردووە کە لە شوێنانەدا کاریان کردووە دەستیان بەر ئەو خواردنانە کەوتووە بەڵام پشکنینی هەموویان نێگەتیڤ بووە .

 ماریا ڤان کیخوف بەرپرس لە بەشی نەخۆشییە گواستراوەکان لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی لەبەردەستیاندایە تەنها بەشێکی کەمی پشکنینیی ڤایرۆسی کۆرۆنای  ئەو ماددە خۆراکیانەی هاوردەی وڵاتی چین کراون پۆزەتیف بووە.

باسی لەوەشکردووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ڕووی خۆراك و ماددەکان دەمێنێتەوە لە هەندێك کاتدا، بەڵام تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی توشبوون بەکۆرۆنا لە ڕێگای خواردنی ئەو خواردنە هاوردەکراوانەوە تۆمارنەکراوە .