تەندروستی

توێژینەوەیەك : ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر دڵ دروستدەکات

لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دا پسپۆرانی پزیشکی پێیان وابوو ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنها کاریگەری لەسەر سییەکان دروستدەکات، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێی ئەڵمانی دەریدەخات کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەر لەسەر تەندروستی دڵ دروستدەکات . توێژینەوەیەکی ئەڵمانی کە لە ڕۆژنامەی " نیو یۆڕک تایمز " دا بڵاوکراوەتە بە ناونیشانی "سارس کۆڤید-٢ چۆن کاریگەری لەسەر دڵ دروستدەکات؟"، لەسەر ١٠٠ کەسی چاکبووەوە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تەمەنی ناوەندی ٤٩ ساڵیدا ئەنجامدراوە . پسپۆڕێکی بەشدار لە توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە پشکنینی "MRI" لە دوای دوومانگ لە توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ بەشداربوانی توێژینەوەکە ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە لە ٨٠٪ی بەشداربووان ناڕێکی لە کاری دڵیان ڕویداوە لە ٦٠٪ شیان نیشانەکانی توشبونیان بە هەوکردنی ماسولکەکانی دڵ تێدا دەرکەوتووە . پسپۆڕان و توێژینەوە پزیشکییەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری تەنها لەسەر سییەکان دروست ناکات بەڵکو کاریگەری لەسەر تەندروستی بەشەکانی تری جەستە بەتایبەت دڵ دروست دەکات، بەڵام ئەو کاریگەرییە تاکە هۆکار نییە بۆ مردنی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا . پێشتریش توێژینەوەیەکی پەیمانگای "پرۆفیدنس" بۆ نەخۆشییەکانی دڵ ئاماژەی بەوەکردبوو لە سالی ٢٠١٩ تا مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەیەکی زۆر لە توشبووان بە جەڵتەو نەخۆشییەکانی دڵ سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە . توێژینەوەکە کە لە ماڵپەڕی " سی ئێن ئێن " بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە پسپۆڕان تێبینی ئەوەیان کردووە لە دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا توشبووان بە ڕێژەیەکی کەم سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە ڕێژەیەکی بەرزی مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ تۆمارکراوە . ئەوەشی خستۆتەڕوو کەسانی بەساڵاچوو کە دوچاری نەخۆشییەکانی دڵ بوون بەهۆی ترسیان لە توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردووە چارەسەری پێویستیان بۆ نەخۆشیەکانی دڵ وەرنەگرتووە بەوەش بەشێکی زۆریان دوچاری جەڵتەی دڵ بوون و گیانیان لەدەستداوە .