تەکنەلۆژیا

کۆمپانیای ئەپڵ ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد

کۆمپانیای ئەپڵ بە گەیشتنی نرخی کۆمپانیاکەی بە دوو تریلیۆن دۆلار ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد . بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی "CNN"، کۆمپانیای "ئەپڵ"ی ئەمریکی لە پاڵ چەندین دەستکەوت و داهێنان لە مێژووی کارکردنیدا توانی ژمارەیەکی پێوانیەی دیکە تۆمار بکات کە ئەویش گەیشتنی نرخی کۆمپانیاکە بوو بە دوو تریلیۆن دۆلار. ماڵپەڕەکە ئاماژەیبەوەکردووە، بە گوێرەی زانیارییەکان ڕۆژی چوارشەممە کۆمپانیای ناوبراو ڕایگەیاند بە لەبەرچاوگرتنی تەواوی پشکەکانی لە بازاڕی بۆرسەی جیهاندا، نرخی کۆمپانیاکە گەیشتووەتە دوو تریلیۆن دۆلار کە ئەمەش دوای هەنگاوێکی ژیرانەی کۆمپانیاکە هات بە زیاد کردنی ژمارەی پشکەکان کەمکردنەوەی نرخی هەر پشکێک و بەم جۆرەش بوو بە یەکەمین کۆمپانیای ئەمریکی بگاتە ئەو نرخە. لە ئێستاشدا نرخی هەر پشکێک لە بازاڕی بۆرسەدا بە ٤٧٠ دۆلار ئەژمار کراوە و لە کۆتایی مانگیشدا ئەپڵ نرخی پشکەکان بۆ چوار بەش دابەشدەکات و نرخی هەرپشکێک دەگاتە نزیکەی ١١٧ دۆلار، بەم شێوەیەش کڕیارە بچووکەکانی بازاڕی بۆرسە دەتوانن سودمەند بن لە کڕینی پشکەکانی ئەپڵ. جێی ئاماژەیە، کۆمپانیای ئەپڵ توانیوویەتی لە ماوەی ٢ ساڵدا نرخی کۆمپانیاکە لە تریلیۆنێک دۆلارەوە بەرزبکاتەوە بۆ ٢ تریلیۆن دۆلار.