تەکنەلۆژیا

ناسا بەردی سەر ڕووی مانگ دەکڕێت

 

لە هەواڵێکی ماڵپەڕی "CNN"دا هاتووە کە ئاژانسی "ناسا"ی تایبەت بە توێژینەوەکانی بۆشایی ئاسمان دەیەوێت بڕێکی زۆری بەرد و خۆڵی سەر ڕووی مانگ بکڕێت لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت وەک نوێترین هەنگاوی هەڵمەتی بە بازاڕکردنی توێژینەوەکانی بۆشای ئاسمان کە ئاژانسەکە بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەکە کاری بۆ دەکات.

بە گوێرەی هەواڵەکە، لە بڵاوکراوەکەی "ناسا"دا هاتووە کە ئاژانسەکە ئامادەیە پارە بدات لە بەرامبەر هەر نموونەیەکی سەر ڕووی مانگ کە کێشەکەی لە نێوان ٥٠ بۆ ٥٠٠ گرامدا بێت و پارەکە دابین دەکرێت دوای ئەوەی کۆمپانیاکان بەڵگە و وێنە دەخەنە بەر دەست "ناسا" کە بیسەلمێنێت نموونەکان لەسەر ڕووی مانگ کۆکراونەتەوە و تەواوی مافە یاساییەکانی نموونەکان بۆ ئاژانسەکە دەبێت.

لە کۆتایشدا ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە، کە پێویستە سەرجەم نموونەکان تا ساڵی ٢٠٢٤ کۆبکرێنەوە و پێشوازیش لە هاوکاری هەموو کۆمپانیا جیهانییەکان دەکەن لە پڕۆژەکەدا.