تەندروستی

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی : کاتی کۆتایی هاتنی کۆرۆنا نادیارە

بەرپرسێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێت لە ئێستادا کاتی کۆتایی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا نادیارە . دکتۆر ئەحمەد منزەری بەرپرسی هەرێمایەتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی ڕێکخراوەکەدا رایگەیەندووە ڕۆژانە حاڵەتی توشبوون و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا ڕوو لەزیادبوونە زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە . ئاماژەی بەوەکردووە لە ئێستادا کاتی کۆتایی هاتنی ڤایرۆسەکە نادیارە ڕێژەیەکی زۆری دانیشتوانی جیهان لەبەردەم مەترسی توشبوون بە ڤایرۆسەکەدان لەبەشێك لە وڵاتان ڤایرۆسەکە بەخێرایی بڵاوبۆتەوە . بەرپرسەکەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی باسی لەوەشکردووە لە ئێستادا بەشیێی زۆری وڵاتان و کۆمپانیاکانی بواری دەرمان کێبڕکێی بەرهەمهێنانی ڤاکسینێك دژی ڤایرۆسەکە دەکەن و ٤٠ ڤاکسینیش گەیشتونە قۆناغی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ و ١١ ڤاکسینیش گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی تاقیکردنەوەکان . لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری ووهان لە وڵاتی چین بڵاوبۆوە و تا ئێستا زیاتر لە ٣٤ ملیۆن حاڵەتی توشبوون و یەك ملیۆن حاڵەتی گیانلەدەستدان لە جیهاندا بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە .