هەمەڕەنگ

ریزبەندی باشترین و خراپترین وڵاتان لە ڕووی مافی مناڵانەوە


دەزگای مافەکانی منداڵان بە ھەماھەنگی لەگەڵ زانکۆی "ئیراسمۆس رۆتەردام" و "کۆلێژی ئیراسمۆس بۆ زانستە ئابورییەکان" و  "پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان" ، راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی منداڵانی جیھان و مافەکانیانەوە بڵاوکردەوە ، کە بەپێی راپۆرتەکە عێراق یەکێکە لەخراپترین دەوڵەتەکان لە رووی  چاودێری کردنی مافەکانی منداڵانەوە کە تارادەیەکی زۆر مافەکانی منداڵ تێیدا پێشێل دەکرێت و رەچاو ناکرێت.
لە راپۆرتەکەدا ریزبەندیی بۆ ١٦٣ دەوڵەت کراوە لە رووی دابینکردن و چاودێریکردنی مافەکانی منداڵانەوە کە ئەندامی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانن ، ھەروەھا چەند پێوەرێک بۆ ڕێکخستنی ناوی وڵاتەکان دانراوە کە دیارترین ئەو پێوەرانە ، بوونی مافی منداڵە بۆ ژیان و ھەورەھا چاودێری تەندروستی و مافی خوێندن و فێرکردن و مافی پاراستن و دروستکردنی ژینگەیەک بۆ چاودێریکردنی مافەکانی منداڵ لە دیارترین پێوەرەکانن .
بەپێی راپۆرتەکە لەسەر ئاستی جیھان ، ھەرەیەک لە وڵاتانی نەرویج و پرتوگال و ئایسلەندا و ئیسپانیا و سویسرا و سلۆڤاکیا و ئێرلەندا و فەرەنسا و فنلەندا لە ریزی پێشەوەی ئەو دەوڵەتانەن کە مافەکانی منداڵ تێیاندا پارێزراوە و رەچاو دەکرێت و لە ھەموو روویەکەوە گرنگی بە منداڵان دەدرێت ، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش وڵاتانی تونس و میسر و عومان و لوبنان لە پلەی یەکەم و دوەمی باشترین وڵاتـە عەرەبیەکاندا دانراون بۆ چاودێریکردنی مافەکانی منداڵان  ، ھاوکات عێراق و یەمەن و مۆریتانیاش وەک خراپترین دەوڵەتەکان دیاریکراون کە مافەکانی منداڵان تێیاندا پارێزراو نییە.





6 مانگ پێشتر - May 17 2017 11:21AM
Print Friendly and PDF
زیاتر
123