هەمەڕەنگ

کوونەڕەشەکان چۆنێتی پەیدابوون و لەناوچوونیان


"کوونەڕەشەکان - Blackhole" وەک ناوازەترین دیاردەی گەردوونەکەمان ناسراوە، بەڵام لەوە ناوازەتر، چۆنێتی پەیدابوون و لەناوچوونیانە.
کوونەڕەشەکان شوێنێکن لە بۆشایی ئاسمان، کە ھێزی کێشکردنیان بە چەشنێک بەرزە، تەنانەت ڕووناکیش ناتوانێت لێیان دەربازبێت، کوونەڕەشەکانیش کاتێک پەیدادەبن، کە ئەستێرەیەک تەمەنی خۆی تەواو بکات و بەھۆی کرداری "سوپەرنۆڤا - Supernova"وە بتەقێتەوەو لە جێگای خۆی ئەستێرەی نیۆترۆنی جێ بھێڵێت، دواتر لە پاش داڕمانە ناوخۆی ئەو ئەستێرەیە، شوێنێک لە بۆشایی پەیدا دەبێت کە پێی دەوترێت کوونەڕەشەکان، بەڵام ئەم کردارە بەسەر خۆری خۆماندا ڕوونادات، چونکە پەیدابوونی کوونێکی ڕەش پێویستی بە ئەستێرەیەکە بە بارستاییەکی زیاتر لە خۆری خۆمان.
ھۆکاری نادیاریی ئەم کوونەڕەشانەش بەھۆی دەربازنەبوونی ڕووناکییەوەیە، بەڵام تێلیسکۆپە تایبەتەکان دەتوانن یارمەتیدەربن بۆ بینینیان، کە لە گەردووندا بە بارستایی جیاجیا بوونیان ھەیە، دەشێت ھێندەی "ئەتۆم"ێک یان ھێندەی سەرە پەنجەیەک بن، یاخود ھێندەی ئەستێرەیەک گەورەبن، کە گەورەترینیان پێی دەوترێت "Supermassive" کە ئەم جۆرەیان بارستاییەکەی ھێندەی بارستایی ملیۆنێک لە خۆری خۆمانە پێکەوە.
"ستیڤن ھاوکینگ - Stephen Howking" زاناو گەردوونناس، دیاردەیەکی لە کوونەڕەشەکان دۆزیوەتەوە کە ھەر بە ناوی خۆشیەوە ناو نراوە، ئەویش دیاردەی "تیشکدانەوەی ھاوکینگ"ە، ھاوکینگ ئەوەی راگەیاند، کە لە بەشێکی گەردوونەکەمان گەردیلە لەگەڵ دژەکەیدا پێکەوە پەیدادەبن، ھەندێک جاریش یەک دانە لەو گەردیلانە بەھۆی ھێزی کێشکردنی کوونەڕەشەکەوە بەرەوناو کوونەڕەشەکە بەکێش دەبێت و دانەکەی تریشی لەدەرەوە دەمێنێتەوە، بەھۆی ئەوەی گەردیلەکە بە ناتەواوی (بە نێگەتیڤ)ی کەوتۆتە ناو کوونەڕەشەکەوە لە ھێز و بارستایی کوونەڕەشەکە کەمدەکات، دواتر لەگەڵ دەربازبوونی گەردیلەکە لەناو کوونەڕەشەکەو پێکگەیشتنی لەگەڵ دژەکەیدا، پێکەوە تێکدەشکێن و تیشکدانەوەیەک درووست دەکەن کە ناوی نراوە "تیشکدانەوەی ھاوکینگ"، دووبارەبوونەوەی ئەم دیاردەیەش وادەکات کوونەڕەشەکان ھێز لەدەست بدەن و بەرە بەرە لەناوبچن.



4 مانگ پێشتر - May 24 2017 12:07PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
123