هەمەڕەنگ

زانایەکی ئوسترالی نھێنی سێگۆشەی بەرمۆدا ئاشکرا دەکات


لەماوەی ساڵانی رابردوودا دەیان راپۆرت و چیرۆکی سەیر لەسەر سێگۆشەی بەرمۆدا بڵاوکراوەتەوە، کە دەکەوێتە ناوچەیەکی نێوان فلۆریداو پۆرتۆریکۆو بەرمۆدا، گوایە ئەو ناوچەیە دیاردەیەکی سروشتی تێدا ڕودەدات، کە ھەر کەشتی و بەلەم و تەنانەت فڕۆکەش بەسەریدا بڕوات ون دەبێت، زانای ئوسترالی "کارل کروسزلنیکی"، شیکردنەوەیەکی سادەی بۆ ئەو دیاردە سروشتییە کردووە ئەویش ئەوەیە ھەڵەی مرۆڤەکان خۆیانە نەک پەیوەندی بەشوێنەکەوە ھەبێت.
ئەو زانایە ئاماژە بەوەدا دەدات ئەو روداوانەی کە لەو شوێنە ڕویداوە، ئەگەر بەڕێژەیی وەریبگرین، ھەمان ڕێژەی ئەو ڕوداوانەیە کە بەشێوەیەکی گشتی لەناو دەریاو زەریاکاندا رودەدات.
ئەو دەڵێت، ڕاپۆرتێکی زۆر لەسەر ئەو شوێنە ساختە کراوەو دواتر بڵاوکراوەتەوەو ئەمەش وایکردووە ئەو شوێنە ناوبانگ پەیدا بکات و بەردەوام باس بکرێت، ئەگینا ژمارەی روداوەکان لەو شوێنە ئاسایی بووە.
ئەو زانایە دەڵێت بەو پێیەی ئەو شوێنە ھاتوچۆیەکی زۆری تێدایەو ھەروەھا مرۆڤەکانیش بێ گوێدانە ڕێنمایی و کەشوھەوا، گەشتەکانیان ئەنجامدەدەن، سەرئەنجام روداوەکان رودەدەن.
ئەو زانایە ئاماژە بەوەش دەدات کە، "بەردەوام زەریاکان شوێنێکی مەترسیدار بووە بۆ مرۆڤەکان، ھەر کاتێک کەشوھەوا باش نەبێت یان ڕێنماییەکان جێبەجێ نەکرێت، بەدڵنیاییەوە زەریاکان دەبێتە شوێنێک بۆ مردن"، ئەگینا ھیچ دیاردەیەکی سروشتی ناڕوون لەو ناوچەیە بوونی نیە.


3 مانگ پێشتر - Jul 24 2017 7:15PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
123