تەندروستی

کاریگەرییە لاوەکیەکانی ڕژێمی خۆراکی کیتۆ


لە ئێستادا ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی پەیڕەوی ڕژێمی خۆراکی کیتۆ دەکەن (کە بریتییە لە زیادکردنی ڕێژەی چەوری خواردن و کەم کردنەوەی ڕێژەی کاربۆهیدرات لە ژەمەکاندا ) بۆ لە دەستدانی کێشی زیادەی لەش و گۆڕینی شێوازی ژیانیان بۆ تەندروستتر . بە پێی لێکۆڵینەوەکان تا ئێستا ڕژێمی کیتۆ کێشەیەکی بەرچاو دروست ناکات و بە ڕێگایەکی تەندروست دادەنرێت بۆ دابەزاندی کێش ئەگەر بە ڕیگایەکی تەندروست پەیڕەو بکرێت بەتایبەت لەو کەسانەدا کە دووچاری کێشەی تەندروستی بوون بە هۆی قەڵەویەوە هەروەها چەند لێکۆڵینەوەیەکی تر ئەوە دەخەنە ڕوو کە '' کیتۆ'' یارمەتیدەری کەمکردنەوەی هەوکردنە و دژی شێرپەنجە کاردەکات . بەڵام وەک هەمو ڕژێمێکی تری خۆراکی ، کیتۆ ڕای جیاوازی لەسەرە لەلایەن پزیشکان و ڕاهێنەرانی وەرزشییەوە ، هەندێک زیانی لاوەکی هەیە کە بەهۆی پەیڕەوکردنی بۆ ماوەیەکی درێژ یان هەڵە پەیڕەوکردنی دەردەکەوێت.
کاریگەرییە لاوەکییەکانی کیتۆ :
١-ئەنفلۆنزای کیتۆ : پزیشکی خۆراک و گژوگیای ئەمریکی دکتۆر ''جۆش ئاکس دەڵێت " زۆربەی ئەوانەی پەیڕەوی ڕژێمی کیتۆ دەکەن لە سەرەتادا توشی بێزاری و نیشانەکانی ئەنفلۆنزا دەبن ، بێهێزی و سەرئێشە تەنانەت ڕشانەوە ، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک ئەم نیشانانە نامێنن ، دەتوانرێت نیشانەکان کەم بکرێتەوە بە خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو و چای سروشتی.
٢- سکچوون : بە هۆی کەمی ڕێژەی ڕیشاڵ لە ڕژێمی کیتۆ هەروەها زۆری ڕێژەی چەوری و کەمکردنەوەی ڕێژەی کاربۆهایدرات ڕەنگە ئەم حاڵەتە ڕوبدات ، خواردنی سەوزەی زۆر لە ژەمەکاندا ئەم حاڵەتە کەمتردەکاتەوە .
٣- ووزەی کەمتر بۆ وەرزشەوانان : بە پێی توێژینەوەیەکی نوێی ''جێڕناڵ ئۆف سپۆرت مێدسن '' کە دکتۆر '' وەیس '' پڕۆفیسۆری خۆراک و گژوگیا لە زانکۆی '' سانتلویس '' ئەنجامیانداوە ، ئاماژە بەوە کراوە کە کەسانی وەرزشەوان کاتێک ڕژێمی کیتۆ پەیڕەو دەکەن توانای یاریکردنیان کەمتر دەبێتەوە بە بەراورد بە هەمان وەرزشەوان کاتێک پەیڕەوی ڕژێمێکی تری خۆراکی دەکات .
٤- کیتۆئەسیدۆسس : ''کیتۆسس '' ئەو حاڵەتەیە کە لە ئەنجامی سووتاندنی چەوری دروست دەبێت و دەبێتە هۆی دابەزینی کێش ، بەڵام '' کیتۆئەسیدۆسس '' حاڵەتێکی مەترسیدارە کە لە ئەنجامی دروست بوونی '' کیتۆن '' ی زۆر لە لەشدا دروست دەبێت کە وەک ژەهر کاردەکات و ڕەنگە کاریگەری خراپی هەبێت لەسەر گورچیلە و جگەر و مێشک ، لە هەندێک حاڵەتدا گیانلەدەستدانی کەسەکە . بۆیە زۆر گرنگە ئەو کەسانەی نەخۆشی (شەکرەی جۆری دوو ) پێویستە لە ژێر چاودێری پزیشکدا ئەم ڕژێمە خۆراکییە پەیڕەوبکەن .
٥- دووبارە زیادبوونەوەی کێش : لەبەرئەوەی ڕژێمی کیتۆ زۆر دیاریکراوە ، بەردەوام بوون بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەری ئەستەمە ، ڕەنگە لە دوای وازهێنان و گەرانەوە بۆ کاربۆهیدرات ، کێشیان وەک خۆی لێبێتەوە ، بۆیە گرنگە کە لە پاش وازهێنان لە کیتۆ زۆر بە وریایی ڕژێمی خۆراکیت ڕێکبخەیتەوە تا لەم کێشەیە بەدور بیت .
٦- کەمبونی ڕێژەی ماسولکە و خاوبونەوەی زیندەچالاکی لەش : یەکێکی تر لە کاریگرییە لاوەکیەکانی ڕژێمی کیتۆ لەدەستدانی ڕێژەی ماسولکەیە ، بە تایبەت کە ڕێژەی چەوری زیاتر دەخورێت لە پڕۆتین ، چونکە پڕۆتین یەکەی بنیادنانی ماسولکەیە ، لە هەمان کاتدا ماسولکە زۆرترین چەوری دەسوتێنێت ، کە ڕێژەی ماسولکە کەم بووەوە کەواتە زیندەچالاکی لەشیش ڕاستەخۆ خاو دەبێتەوە
٧- زیادبوونی نەخۆشیەکانی دڵ ونەخۆشی شەکرە : ئەگەر ڕژێمی کیتۆ بە هەڵە پەیڕەو بکرێت لە بری چەوری سروشتی و سەوزەی زۆر ، خۆراکە ئامادەکراوەکانی کارگە بەکاربێنرێت و بەوەش ڕێژەی چەوری لە ژەمە خۆراکیەکان زیاد بکرێت ڕەنگە کێشەی تەندروستی زۆر دروست بکات ، لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ٢٥ هەزار کەس لە '' کۆنگرێسی ئەوروپی بۆ نەخۆشیەکانی دڵ '' ئەنجامدراوە، ئاماژە بەوە کراوە ئەو کەسانەی پەیڕەوی کاربی زۆر کەمیان کردووە ( وەک ڕژێمی کیتۆ ) تەمەنیان کورتتر بووە ، بە بەراورد بەو کەسانەی کە ڕژێمی تەندروستریان ئەنجامداوە.
پسپۆڕانی تەندروستی ئامۆژگاری خەڵک دەکەن لەکاتی ئەنجامدانی ڕژێمی کیتۆ ئاگاداری تەندروستی جەستە بن و ئەو خۆراکانە هەڵبژێرن کە سود بە تەندروستی دەگەیەنن.


مانگ پێشتر - Jan 10 2021 2:54PM
Print Friendly and PDF
زیاتر