تەندروستی

پێنج هۆکاری دروستبوونی خاڵە ڕەشەکانی پێست

کاتێک کە باس لە پێستی ڕوخسار دەکرێت، یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی دروستبوونی خاڵی ڕەشە لەسەر دەموچاو، ئەمەش بەهۆی چەندین هۆکاری جیاوازەوەیە هەر لە بەرکەوتنی تیشکی خۆر و بۆماوەیی و چەندین هۆکاری دیکە

لەگەڵ ئەوەی ئێمە ناتوانین بۆماوەیی خۆمان بگۆڕین بەڵام دەکرێت ڕێگری بکەین لە دروستبوونی ئەم خاڵە ڕەشانە ئەویش بە هۆشیاربوون بەرامبەر هۆکارەکانی دیکە

ماڵپەڕی "برایت ساید" لە بابەتێکی تەندروستیدا باس لە چەند هۆکارێکی دروستبوونی خاڵە ڕەشەکانی سەر پێستی ڕوخسار دەکات کە ئەمانەن:

-تیشکی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان و گڵۆپ و ڕوناکی ناوماڵ

زۆری تیشک و ڕوناکی لەنێو ماڵدا دەبێتە هۆی تێکدانی پێست و دروستبوونی پەڵە و خاڵی ڕەش هەر لە تیشکی تەلەفیزیۆن و ئامێرە زیرەکەکان و گڵۆپ

-تەقاندنی زیپکە

کاتێک زیپکەیەک دەتەقێنیت شوێنەکەی توشی هەوکردن دەبێت و کاریگەری لەسەر پێست دادەنێت لە دروستکردنی میلانین دا ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵە و خاڵی ڕەش

-بەکارنەهێنانی دژە خۆر

هەندێک کەس وا تێ دەگەن کە بەکارهێنانی دژە خۆر یەک جار لە تەواوی ڕۆژەکەدا بەسە و دەکرێت تەواوی ڕۆژەکە لەبەر خۆربن بەڵام لە ڕاستیدا پێویستە کرێمی دژە خۆر هەموو دوو سەعات جارێک تازە بکرێتەوە ئەگەر نا زۆر بەرکەوتنی خۆر دەبێتە هۆی دروستبوونی خاڵی ڕەش لەسەر پێست

-دووگیانی

بەهۆی ئەوەی لە ماوەی دووگیانیدا گۆڕانکاری بەسەر هۆڕمۆنەکاندا دێت پەڵەو خاڵی ڕەش لە چەند بەشێکی جەستەدا دروست دەبێت ئەگەر چی ئەمە کاتییە و لە دوای تەواوبوونی ماوەی دووگیانی ئەم خاڵە ڕەشانە نامێنێت

-زۆر بەکارهێنانی ترشی ڕێتینۆیک و هایدرۆکیونۆن

ئەم دوو ماددەیە لە پێکهاتەی زۆرێک لە کەرەستە و بابەتە جوانکارییەکاندا هەیە کە زۆر بەکارهێنانیان دەبێتە هۆی تێکدانی پێست و دروستبوونی خاڵی ڕەش