تەندروستی

توێژینەوەیەک: زینک و ڤیتامین سی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا کەم ناکاتەوە

پێگەی "سی ئێن ئێن هێڵس" لە هەواڵێکدا ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێی بڵاوکردۆتەوە لەبارەی بەکارهێنانی زینک و ڤیتامین سی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری پەتای کۆرۆنا لەسەر توشبووان کە دەرکەوتووە ئەم دوو ماددەیە نابێتە چارەسەر و زیانەکانی پەتاکە لەسەر جەستە کەم ناکاتەوە

ئەگەرچی لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا لە زۆربەی نەخۆشخانەکان و ناوەندە پزیشکییەکان وەک هەوڵێکی سەرەتایی بە گشتی ماددەی زینک و ڤیتامین سی بۆ توشبووانی کۆرۆنا بەکار دەهات لە پێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پەتاکە و بەرزکردنەوەی بەرگری جەستەی نەخۆشەکان، بەڵام لە توێژینەوەیەکدا کە ڕۆژی هەینی هەفتەی ڕابردوو لە پێگەی "جاما نێتوۆرک ئۆپن" بڵاوکراوەتەوە دەرکەوتووە کە ئەم دوو ماددەیە هیچ کاریگەرییەکیان نییە و زیانەکانی کۆرۆنا لەسەر جەستە کەمناکاتەوە

توێژینەوەکە لەسەر 214 کەسی پێگەیشتووی چاکبووەوەی کۆرۆنا ئەنجام دراوە کە لە بەسەر سێ گروپدا دابەشکراون و زینک و ڤیتامین سی یان پێ دراوە و گروپی چوارەم هیچ کام لەم ماددانەیان نەخواردووە تەنها بە پشوودان و دابەزاندنی پلەی گەرمی لەش پەتاکەیان تێپەڕاندووە

هەر لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە کە بە پێچەوانەوە ئەو کەسانەی زینک و ڤیتامین سی یان وەرگرتووە نیشانەکانی وەک سکچوون و سەرگێژخواردن و ئازاری گەدەیان تێدا دەرکەوتووە