تەندروستی

پسپۆڕان: کۆرۆنا دەبێتە پەتایەکی وەرزی

پێگەی "ئەی بی سی نیوز" بڵاویکردۆتەوە کە پسپۆڕان ڕایدەگەیەنن پێ دەچێت کۆرۆنا ببێتە پەتایەکی وەرزی و بۆ هەمیشە لەگەڵماندا بمێنێتەوە

هەرچەندە میلیۆنان کەس لە جیهاندا بە هیوای ئەوەن بەهۆی کەرەنتین و وەرگرتنی ڤاکسینە دۆزراوەکانی دژی توشبوون بە کۆرۆنا ئەو ڤایرۆسەی کە توشی کۆرۆنامان دەکات لەناوبچێت و نەمێنێت، بەڵام پسپۆڕان و لێکۆڵەرانی ڤایرۆسەکە لە تازەترین زانیاریدا لەو بارەیەوە خەڵکی ئاگادار دەکەنەوە لەوەی کە ڕەنگە ئەم ڤایرۆسە بۆ هەمیشە بمێنێتەوە و ببێتە پەتایەکی وەرزی بەڵام نەک بەو کوشندەییە کە لە سەرەتادا بڵاوبۆتەوە

هەر لەو بارەیەوە "د.پاوڵ ئۆفیت" بەڕێوەبەری سەنتەری زانیاری ڤاکسینی کۆرۆنا ڕایدەگەیەنێت "دڵنیا نین لەوەی کە هەرگیز بە تەواوی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەهێڵین.. ئەمە وەک سورێژە وایە، بە درێژایی تەمەن پێویستمان بە خاوێن ڕاگرتنی سیستمی بەرگرییە"

ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ یەکەم جار لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019 لە بازاڕێکی فرۆشتنی خواردنە دەریاییەکان سەری هەڵداو دواتر بە تەواوی جیهاندا بڵاوبۆوە هەرچەندە دوای ساڵێک و دۆزینەوەی چەندین ڤاکسین دژی ڤایرۆسەکە بەڵام تا ئێستا لە تەواوی جیهاندا بڵاوە و هەندێک وڵاتیش زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە چی لە ڕووی زۆری ژمارەی توشبووان و کاریگەرییە ئابوورییەکان بەهۆی پەتاکەوە