تەکنەلۆژیا

نوێترین ئاستی دەنگی سۆنی بزانە

ئاشکرایە کۆمپانیای سۆنی یەکێک لە گرنگترین کۆمپانیاکانی وڵاتی ژاپۆنە و سەرمەشقی داهێنانەکانە لە جیهانی تەکنۆلۆژیا کە لە بوارەکانی وەک بەرهەمهێنانی مۆبایلی هۆشمەند و ئامێری تەکنۆلۆژی پێشکەوتوو و یارییە ڤیدیۆییەکان و چەندەها پیشەسازی تردا کار دەکات، لە ئێستاشدا بە بەرهەمهێنانی دوو دەنگ گەورەکەری نوێ جیهانی دەنگ دەباتە ئاستێکی دیکە.

 

هەردوو ئامێرە دەنگ گەورەکەرە نوێیەکەی سۆنی بە گوێرەی باڵاترین و پێشکەوتووترین پێوەر و ستانداردەکانی بوارەکە بەرهەمهێنراون و لە جۆری "SRS"ن بە ناوەکانی "RA5000" و "RA3000"،

 

ئامێرەکان بە چەندین تایبەتمەندی جیادەکرێنەوە وەک دابەشکردنی دەنگ بە شێوەیەکی ئاست بەرزی سێ دووری و بە ٣٦٠ پلە دەنگ بڵاودەکاتەوە کە کوالیەتییەکی باڵا و دەنگێکی بێ خەوش دەبەخشێت لە پاڵیشیدا هەموو سوچێکی ئەو ناوەندە دەگرێتەوە کە تێیدا کاردەکات بە جۆرێک گوێگر وا هەستدەکات کە دەنگ لە هەموو ئاڕاستەکانەوە دێنە بەر گوێ.

 

بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەشی، سۆنی بۆ ماوەیەکی درێژ کاری لەسەر گرێدانی ژمارەیەک گورزە یاسای ژمێریاری (algorithm) کرد تا ئامێرەکە بگاتە ئەم ئاستە تەکنۆلۆژیە کە دەتوانرێت بە تەکنۆلۆژیای "Spotify" و "Bluetooth" و "Google Assistant" و "Amazon Alexa"ەوە پەیوەست بکرێت و لە ڕێگەی "Wi-Fi"ەوە بە ئینتەرنێتەوە گرێبدرێت.

 

جێی ئاماژەیە، تا ئێستا نرخی ئامێرەکان ئاشکرا نەکراوە و بڕیارە لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا بخرێتە بازاڕەکانی جیهانەوە