هەمەڕەنگ

بەدەستهێنانی سەروەتێك لە خۆڵ و خاشاك


لە جیهاندا چەندین بیرۆکەی سەیر و سەمەرە هەیە بۆ دەوڵەمەندبوون و بەدەستهێنانی سەرمایە، بەڵام ڕەنگە هیچیان هێندەی دەوڵەمەندبوون بە فرۆشتنی خۆڵ و خاشاك سەیر و سەمەرە نەبێت.  "چیونگ یانگ - Cheung Yan" خانمێکی چینییە، لە ساڵی 1957 لە خێزانێکی دەرامەت مامناوەند لەدایک بووە، کاتێك گەنج بووە، وەکو ژمێریار کاری کردووە، لە ماوەی ئیشکردنیدا هەندێك پارەی کۆکردووەتەوە و بەرەو "هۆنگ کۆنگ" بەڕێدەکەوێت، لەوێ سەرسام دەبێت بە ئیشی پاشماوەی کاغەز، هەر بۆیە لەگەڵ دوو لە هاوکارانی دەستدەکەن بە کۆکردنەوەی پاشماوەی کاغەز و فرۆشتنەوەی بە کارگەکانی درووستکردنی کاغەز، بەڵام ئەم بازرگانییە نەیدەتوانی داهاتێکی زۆر پەیدابکات.
لە کاتی سەرقاڵبوون بەو کارەیانەوە، "چیونگ" درکی بەوە کرد کە وڵاتی چین کێشەی کەمیی کاغەزی هەیە، ئەمەش وەکو بیرۆکەیەك لەلای خۆی هێشتیەوە و شوێنی بەدەستهێنانی کاغەزی زۆریشی دۆزییەوە.
هەربۆیە لە ساڵی 1990، خۆی و هاوسەرەکەی گەشتیان کرد بەرەو "لۆس ئانجڵس"،  لەوێ سەدان تۆن پاشماوەی کاغەزیان دۆزییە و ناردیانەوە بۆ چین، لەوێ پاشماوە کاغەزییەکانیان دەکردەوە بە هەویری کاغەز و دەیانکردن بە پاکەت بۆ بەرهەمە چینییەکانی وەکو یاریی منداڵان و بەرهەمە کارەباییەکان و ...هتد، کە لێیان دەنووسی Made in China" و بەرهەمەکانیان هەناردەی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا دەکرد.

ساڵی 1996 "چیونگ" دووبارە گەڕایەوە بۆ چین و کۆمپانیایەکی دامەزراند بە ناوی "Nine dragons paper"، هەتا ئەمڕۆ "چیونگ" پاشماوەی کاغەز لە ئەوروپا و ئەمریکا دەکڕێت و لە کۆمپانیاکەی خۆی لە چین دووبارە دەیانکاتەوە بە مادەی خام بۆ بەرهەمهێنانی پاکەت، چەندین کۆمپانیای بەناوبانگ لەوانە "Sony" پاکەتەکانی ئەم خانمە بەکاردەهێنن، ئەو پاکەتانەش بە کەلوپەلەکانیەوە دووبارە هەناردەی ئەوروپا و ئەمریکا دەکرێنەوە و خەڵکیش دووبارە پاکەتەکان فڕێدەدەن و خانم "چیونگ"یش بە بەردەوامی هەمان پاشماوەی پاکەتەکان لە ئەوروپا و ئەمریکا دەکڕێتەوە.
بەم بازرگانییەش، خانم "چیونگ" توانیویەتی بلیۆنان دۆلار پەیدابکات، هەر لەبەر ئەمەشە ناسناوی "خانمی خۆڵ و خاشاك - The Queen of Trash"ی لێنراوە.



3 هەفتە پێشتر - Nov 18 2017 11:39AM
Print Friendly and PDF
زیاتر