هەمەڕەنگ

جەنگی ستالینگراد.. یەکێک لە خوێناویترین جەنگەکانی مێژوو


جەنگی ستالینگراد بەیەکێک لە گەورەترین و یەکلایکەرەوەترین شەڕی جەنگی جیھانی دووەم دادەنرێت.
ئەم جەنگە ٦ مانگی خایاند، لە ٢١ی ئۆگەستی ١٩٤٢، تا ٢ی فیبرایەری ١٩٤٣، جەنگەکە بەھێرشێکی سوپای نازی ئەڵمانی لە ئاسمانەوە دەستیپێکرد، کە شارەکەی بەتەواوی وێران کرد، دواتر ھێرشی زەمینی دەستیپێکرد، بەڵام سوپای نازی ڕوبەرووی بەرگرییەکی توندی شەڕی کوچەو کۆڵانەکانی سوپای سوری ستالین بووەوە، لە کۆتایی دا سوپای نازی تاڕادەیەک تەواوی ستالینگرادی کۆنترۆڵ کرد، تەنھا یەک پێگە مابوو، ئەویش کەناری خۆرئاوای ڕوباری فۆڵگا بوو.  
لە ١٩ی نۆڤەمبەری ١٩٤٢، سوپای سۆڤییەت ھێرشێکی پێچەوانەی کردە سەر سوپای رۆِمانیا کە ھاوپەیمانی نازییەکان بوون، کە باڵی ڕاست و چەپی سوپای شەشەمی ئەڵمان بوون، ئەم سوپایە بەبەراورد بەسوپای نازی ئەڵمانی زۆر لاواز بوو، ھەر زوو تووشی دارمان ھاتن و لە ٢٣ی نۆڤەمبەری ھەمان ساڵدا توانیان گەمارۆی ٢٥٠ ھەزار سەربازی نازی بدەن لەناو شارەکەدا.
لەگەڵ ھاتنی وەرزی زستانداو توندکردنی گەمارۆکە، سەرماو برسێتی و نەبوونی سوتەمەنی سوپای نازی تەواو ھیلاک و لاواز کرد، بارودۆخەکە بەرەو خراپتر چوو، کاتێک ھیتلەر فەرمانی کرد سوپا لە شارەکە بمێنێتەوە بەھەر نرخێک بێت و لە ئاسمانەوە ھاوکاری بکرێن، سوپایەکی تریش ھێرشێک بکات بۆ شکاندی گەمارۆکەو یەکخستنی سوپا، بەڵام سوپای نازی لەمەدا شکستی ھێناو نەیتوانی گەمارۆکە بشکێنێت، ھەروەھا ھاوکارییە ئاسمانییەکانیش ڕاگیران، دوای ئەوەی سوپای سۆڤییەت ئەو فڕۆکەخانانەی گرتەوە کە بەکاردەھێنران بۆ گەیاندنی ھاوکارییەکان، ھەموو ئامانە وایکرد سوپای شەشەمی ئەڵمانی تووشی شکست و داڕمان بێت، ئەوەبوو لە ٢ی فێبرایەری ١٩٤٣، فەرماندەی گشتی سوپای شەشەم فریدریک باولوس و زۆربەی سوپاکەی خۆیان ڕادەستی سوپای سۆڤییەت کرد، ھەرچەندە بەشێکی سوپا بەردەوام بوون لە شەڕکردن تا بەتەواوی لەناوبران.
ژمارەی قوربانیانی جەنگی ستالینگراد گەیشتە ٢ ملیۆن کەس، کە بەیەکێک لە گەورەترین جەنگە خوێناوییەکانی مێژوو دادەنرێت، ھەروەھا سوپای ئەڵمانی ڕوبەرووی دووەم گەورەترین شکست بویەوە لە جەنگی جیھانی دووەمدا، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی ئاراستەی جەنگی جیھانی دووەم بگۆڕدرێت و نازییەکان نەیانتوانی ھێزو ھاوسەنگی پێشوو بگەڕێننەوەو ھیچ سەرکەوتنێکی ستراتیژییان بەدەستنەھێنا.


3 هەفتە پێشتر - Nov 20 2017 9:22PM
Print Friendly and PDF
زیاتر