تەندروستی

خواردنی خۆراک بە پەلە کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات


توێژینەوەیەکی نوێ دەری خستووە کە خواردنی خۆراک بە پەلە کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و رێژەی شەکر لە جەستەدا دەبێت.
توێژنەوەکە لەلایەن "کۆمەڵەی دڵ"ی ئەمریکییەوە کراوە و ئەنجامە سەرەتاییەکانی دەریان خستووە کە نان خواردن بەپەلە  دەبێتە ھۆی قەڵەوی تێکچوونی سیستمی خۆراک لە جەستەدا  و دەشبێتە ھۆی تێکچوونی رێژەی شەکر کە وادەکات ئەو شەکرە بەرامبەر بە ئەنسۆلین بەرگری لە خۆی بکات و لە جەستەدا کەڵەکە ببێت.
گروپێکیی توێژینەوەش لە زانکۆی ھێرۆشیمای ژاپۆن توێژینەوەیان کردووە لەسەر  داتاکانی ٦٤٢ پیا و ٤٤١ ژن کە تێکڕای تەمەنیان ٥١ ساڵ بووە  کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا داتا تەندروستییەکانیان دەری خستووە کە ھیچ کێشەیەکی تەندروستنی پەیوەست بە دڵ و شەکرەیان نەبووە.
ئەو کەسانە بە پێی شێوازی نان خواردنیان دابەش کراون بۆ سێ گروپ گروپێک ئەوانە بوون کە بەھێواشی نان دەخۆن گروپێکی تر بەشێوازێکی ئاسایی نان دەخۆن گروپی سێیەمیش ئەو کەسانە بوون کە بەپەلە نان دەخۆن.
توێژینەوەکە دەری خستووە کە ئەو گروپەی کە بە پەلە نانیان خواردووە مەترسی توشبونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە و قەڵەوی زیاترە ، ئەو گروپە بە رێژەی ١١.٦% مەترسی توشبونیان بەو نەخۆشیانە ھەیە بە بەراورد بەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی ئاسایی نان دەخۆن ئەوان ئەگەری توشبونیان ٦.٥% لە کاتێکدا ئەوانەی لەسەرخۆ نان دەخۆن ئەگەری توشبونیان بە نەخۆشییەکانی شەکرە و دڵ و قەڵەوی تەنھا ٢.٣ لەسەدە.
پەلە کردن لە نانخواردن پەیوەستە بە زیادبوونی کێش و  کۆبوونەوەی چەوری بە تایبەت لە ناوچەی ورگ و دەشبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی رێژەی شەکر لە خوێندا.
توێژەران پێیان وایە کە خواردنی خۆراک بە ھێواشی وا دەکات مێشک زووتر ئاماژەی تێربوون بنێرێت بە پێچەوانەشەوە ئەوانەی کە بەپەلە نان دەخۆن ناتوانن بە خێرایی ھەست بە تێربوون بکەن ئەوەش وادەکات برێکی زیاتر خواردن بخۆن.




3 هەفتە پێشتر - Nov 22 2017 9:16AM
Print Friendly and PDF
زیاتر