تەندروستی

بۆچی وڵاتان زیاتر ڕوو لە کڕینی ڤاکسینی سینۆڤارمی چینی دەکەن ؟؟

لە دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩دا  لە شاری وهان لە وڵاتی چین کێبڕکێی وڵاتان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسەکە دەستی پێکردوە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ دا ڤاکسینەکانی سینۆڤارمی چینی و فایزەربایۆنتیكی  ئەڵمانی – ئەمریکی و ئاسترازێنیکای سویدی – بەریتانی  بەرهەمهێنران، لە ئێستادا وڵاتان سەرقاڵی کڕینی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسەکەن.

لەگەڵ ئەوەی ڤاکسینەکانی ئەمریکا و ئەوروپا ڕێژەی کاریگەریان بەرزترە و چەندین پروپاگەندە دەربارەی کاریگەریەکانی ڤاکسینە چینیەکە لە قۆناغی تاقیکردنەوەدا بڵاوکرایەوە، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێك زۆرێک لە وڵاتان هەوڵی کڕینی ڤاکسینە چینییەکە دەدەن .

هەرزانی نرخ

هەر لەسەرەتای دەستکردن بە تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە کۆمپانیای سینۆڤارمی چینی رایگەیاند ڤاکسینەکیان نرخێکی هەرزانی دەبێت و بۆ ئەوەی ولاتانی هەژاریش بتوانن لە ڤاکسینەکە سودمەندبن، ڤاکسینە چینیەکە لە ڕووی نرخەوە لە ڤاکسینەکانی ئەوروپا و ئەمریکا هەرزانتر ئەوەش وایکردووە زۆرێک لە ولاتان بەتایبەت ولاتانی عەرەبی هەوڵی کڕینی ئەو ڤاکسینە بدەن .

ناساندنی ڤاکسینەکە

وڵاتی چین هەر لە سەرەتاوە بە شێوازێکی دیبلۆماسی و زیرەکانە مامەڵەی لەگەل ناساندنی ڤاکسینەکەدا کردوو هەرزوو هەوڵی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکەی داو بە خێرای قۆناغەکانی تاقیکردنەوەی تێدەپەراند، لەدوای بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکەش بەشێکی زۆری وەك دیاری بە وڵاتان بەخشیوەو بەشێکیشی بە نرخێکی زۆر کەم فرۆشتووە، ئەوەش وایکردووە وڵاتان زیاتر پەلکێشی کڕینی ڤاکسینەکەی بکات .

ئاسانی لە گواستنەوە وهەڵگرتنیدا

بە پێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "
BBC" ڤاکسینی فایزەر پێویستی بە هەڵگرتن لە پلەی گەرمی ٧٠ پلە ژێر سفری سەدی دا هەیە زۆرێک لە وڵاتان ناتوان  ئەو کەشە بۆ گواستنەوە و هەڵگرتنی ڤاکسینەکە دەستەبەربکەن، بەڵام ڤاکسینی سینۆڤارم دەتوانرێت لە بەفرگری ئاسایی تاقیگەکاندا هەڵبگیرێت ئەوەش گواستنەوە وهەڵگرتنی ڤاکسینەکە ئاسان دەکات .


ئەنجامنەدانی گرێبەستی پێشوەختە

بە پێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی "
euronews"ی بە کۆی گشتی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و کەنداو و  ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوەڕاستی ساڵی رابردووەوە گرێبەستی کڕینی ١٢ ملیار دۆز لە ڤاکسینی فایزەریان  لەگەڵ کۆمپانیاکە واژۆکردووە ئەوەش وایکردووە کڕینی ڤاکسینی ئەو کۆمپانیایە کاتێکی زیاتر بخایەنێت و پێوستە وڵاتان لە چاوەڕوانی زیاتردا بمێنەوە بۆ دەستکەوتنی ڤاکسینەکە بۆیە بە ناچاری ڕوو لە کڕینی ڤاکسینی سینۆڤارمی چینی دەکەن .

شکستی بەرنامەی کۆڤاکس

بەرنامەی کۆڤاکسی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پشتگیری دەکرێت بەڵێنی دا تا کۆتایی چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆز لە ڤاکسین بەسەر وڵاتانی هەژاردا دابەش بکات و لە قۆناغی یەکەمدا ڤاکسینەکە لە کۆمپانیای ئاسترازێنکا دەکڕێت.

بەڵام بە وتەی بەرپرسانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەهۆی کێبڕکێی وڵاتانی دەڵەمەند بۆ کڕینی ڤاکسین و پستگوێخستنی ناوەڕۆکی بەرنامەمەکەو وڵاتانی هەژار بەرنامەی کۆڤاکس شکستی هێناوە .

هەرێمی کوردستانیش لە ڕۆژی ٢ی ئاداری ئەمساڵ یەکەم بڕە ڤاکسینی سینۆڤارمی لە وڵاتی چینەوە پێگەیشت، بۆ دەستکەوتنی برە ڤاسکینی پێوست بۆ تەواوی هاوڵاتیان حکومەتی هەرێم داواکاری کڕینی ڤاکسینی پێشکەشی کۆمپانیاکانی سینۆڤارم و فایزەر و ئاسترازێنیکا کردووە .