هەمەڕەنگ

لە ھەژارێکەوە بۆ خاوەنی ملیارەھا دۆلار


بەسەرھاتی عەلی بابای چینی.. ئەو پیاوەی لە ھیچ شوێنێک کاری پێنادرا، ئێستا نرخی کۆمپانیاکەی دەگات ٣٤٥ ملیار دۆلار. 
"لە ژیان بێزار مەبەو ژیانیش بەبێ بێزاری نابێت"، ئەم وتەیە تەواو گونجاوە بۆ بەسەرھاتی ژیانی ملیاردێری چینی "جاک ما" خاوەنی کۆمپانیای "عەلی بابا" بۆ بازرگانی ئەلیکترۆنی، کە چۆن لە ھەژارێکەوە دەبێت بەملیاردێر.
جاک ما لە شاری ھانجتشو لە چین لەدایک بووە، لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە خولیای فێربوونی زمانی ئینگلیزی بووە، بۆماوەی ٨ ساڵ ڕۆژانە ٤٠ خولەک بەپاسکیلەکەی دەچوو بۆ ھۆتێلێک لە نزیک دەریاچەی ھانجتشو، بەبێ بەرامبەر وەک شارەزایەکی ناوچەکە تێکەڵی کەسە بیانییەکان دەبوو تەنھا بۆ ئەوەی زمانی ئینگلیزی فێربێت.
جاک ما لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، دەڵێت: "ئەوەی لە خوێندنگا فێری بوو زۆر جیاواز بوو لەوەی کە لە گەشتیارانەوە فێری بوو، بەبارودۆخێکی سەختی خوێندن دا تێپەڕیوە، دوو جار لە تاقیکردنەوەی وەرگرتن لە زانکۆ شکستی ھێناوە".
جاک دوای تەواوکردنی زانکۆ، بۆ ماوەی ٥ ساڵ بەموچەی ١٢ بۆ ١٥ دۆلار مانگانە مامۆستا بووە، ئەم موچە کەمەی وایکرد بەشوێن سەرچاوەی دارایی تردا بگەڕێت، ساڵی ١٩٩٥ جاک ما دەچێت بۆ سیاتل و لەوێ وەک وەرگێڕی زمانی ئینگلیزی کاریکردووە.
جاک لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت: "زیاتر لە ٣٠ داوای کارکردنم ڕەتکراوەتەوە، جارێک ویستم ببم بەپۆلیس وتیان تۆ گونجاو نیت، کاتێک لقێکی چێشتخانەی کنتاکی لە چین کرایەوە ٢٤ کەس داوای کاریان پێشکەش کرد ٢٣ کەسیان وەرگیران، بەڵام من وەرنەگیرام، ١٠ جار ویستم لە زانکۆی ھارفارد بخوێنم ھەر وەرنەگیرام".
جاک لە یەکەم سەردانی بۆ ئەمریکا، ھاوڕێکانی فێری بەکارھێنانی ئینتەرنێتیان کرد، کە ئەو کات لە چین گەشەی نەکردبوو، کاتێک گەڕایەوە بۆ چین پێگەیەکی ئەلیکترۆنی دروست کرد کە تایبەت بوو بەکاروباری بازرگانی، بەڵام ئەم پڕۆژەیەی بەرھەمدارنەبوو.
ساڵی ١٩٩٩، جاک لەگەڵ ١٨ ھاوڕێیدا لە ماڵەکەی خۆی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداو بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی بازرگانی ئەلیکترۆنی ئاشکرا کرد، ھەموویان ڕازی بوون و ٦٠ ھەزار دۆلار کۆکرایەوەو پێگەیەکی ئەلیکترۆنی بەناوی عەلی بابا دروستکرا.
ساڵی ٢٠٠٣ جاک پێگەیەکی بازرگانی بەناوی تاوباو دروستکرد، لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٥ دا ٧٠%ی بازاڕی ئەلیکترۆنی چینی داگیر کرد، لە تەمەنی ٥٠ ساڵی دا داھاتەکەی گەیشتە ٢١ ملیار دۆلار.
جاک ڕێنمایی گەنجان دەکات کە، چاوەڕێی دامەزراندنی حکومی و تایبەت نەکەن، پڕۆژەی تایبەت بەخۆیان دروستبکەن و لە سەرکێشی نەترسن، ئەوانەی خاوەنی سەروەت و سامانن ھەلەکانیان قۆزتۆتەوە.
جاک خاوەنی چەندین پڕۆژەی خێرخوازییە، گرنگییەکی زۆر بەژینگەی چین دەدات، ھەروەھا بەشداری کارای ھەیە لە گەشەپێدانی زانستی پزیشکی.
جاک ئێستا خاوەنی گەورەترین کۆمپانیای بازرگانی ئەلیکترۆنییە لە جیھاندا، ئاژانسی بلومبێرگ نرخی ئەو کۆمپانیایەی لە بازاڕدا بە ٣٤٥ ملیار دۆلار مەزەندە کردووە.


2 هەفتە پێشتر - Nov 28 2017 6:22PM
Print Friendly and PDF
زیاتر