تەندروستی

٥ ھۆکار وادەکەن کارەکەت ببێتە ھۆی زیادبوونی کێشت


ئیشکردن لە ئۆفیسێکدا و دانیشتن لەسەر کورسی و نەجوڵانەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک کاریگەریی نەرێنی دەکەنە سەر لایەنی دەروونی و جەستەییت، چەند ھۆکارێکی تریش ھەن کە دەتوانرێت زوو لێی ئاگاداربین و چارەسەری بکەین، لەوانەش:

١- نان دەخۆیت تەنانەت ئەگەر تێریش بیت: لەکاتی ئیشکردندا دەشێت کارمەندێک کێکی ڕۆژی لەدایکبوونی بھێنێت بۆسەر کار، ھەروەھا ھێنانی شیرینی بە بۆنە جیاوازەکانەوە وادەکەن بخۆیت بێ ئەوەی برسی بیت و پێویستت بێت، ھەروەھا زۆربەی جار لەبەر بەسەربردنی کات نان و شیرینی دەخۆیت بەبێ ئەوەی خۆت ئاگاداربیت.

چارەسەر: واباشترە لەو کاتانەدا بە خواردنی کەمترین شیرینی خۆت قایل بکەیت، یاخود دەتوانیت ئەو کەسەی خواردنەکەت پێشکەش دەکات ڕەتیبکەیتەوە.

٢- ژەمی ناتەواو: کاتێک لەسەر کاریت، دەشێت ژەمێک لە ژەمەکانت تەرک بکەیت، لەبری ئەوە یەک، دوو ژەمی قورس بخۆیت، وەکو خواردنی لەفەیەکی چەور و پڕ لە کاربۆھیدرات، تەرککردنی ژەمێکی گرنگی وەک نانی بەیانی کاریگەری دەبێت لەسەر تێکچوونی بەرنامەی خواردنی ڕۆژەکەت.

چارەسەر: پێویستە ژەمی بەیانی لەیادنەکەیت، ئەگەر کاتیشت نەبوو نانی بەیانی بخۆیت، واباشترە لەگەڵ خۆتدا چەند خۆراکێکی سووک لەگەڵ خۆتدا ببەیت بۆسەر کارەکەت، ھەروەھا خشتەیەک بۆ خواردنی ھەفتەکەت دروستبکە و ھەوڵبدە بە خواردنی سوودبەخش و پڕ لە ڤیتامین پڕیبکەرەوە.

٣- ڕووناکی و کەشی ئۆفیس: توێژەرەوان سەلماندوویانە، کاتێک لە ژوورێکی نیمچە تاریکدایت، ئارەزووی خواردنت زیاتر دەبێت، بەھەمان شێوەش بۆ کەشی ژوورەکەت، ئەگەر کەش ساردبێت ئارەزووی خواردنی زیاتر دەکەیت وەک لەوەی ژوورەکە گەرمبێت.

چارەسەر: پێویستە ڕووناکیی ژوورەکەت مامناوەند بکەیت و پێویستە لەگەڵ ھاوپیشەکانیشت لەسەر کەشێکی مامناوەند بۆ ژوورەکەتان ڕێکبکەون.

٤- تێکچوونی کاتی خەو: کاری زۆر و مانەوە لەسەر کار وادەکەن کاتی خەو تێکبچێت و خەوەکانت ناڕێک بن، ئەمەش بە واتای وەرزش نەکردن و تێکچوونی ھۆڕمۆنەکانی لەش دێت، کە کاریگەرییەکی زۆریان ھەیە لەسەر زیادبوونی کێشی لەش.

چارەسەر: کاتێک ئیش و کارەکان دەوەستن، یاخود تەواودەبن، پێویستە کەمێک بجوڵێیت، کاتێکیش دەچیتە سەر چرپاکەت، دەبێت لەسەر زوو خەوتن خۆت ڕابھێنیت و خۆت بەدوور بکەیت لە ڕاڕایی و بیرکردنەوە لە کار.

٥- پەستان و دڵەڕاوکێ: دەرکەوتووە ئەو کەسانەی پەستان و گوشاری ئیشیان لەسەرە، جەستەیان زیاتر تووشی کێشی زیادە دەبنەوە، ئەمەش بەھۆی ئەوەی پەستان ھۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ چالاک دەکات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی خەڵکی لەکاتی قەلەقی و ئیشدا زیاتر ئارەزووی خواردنیان دەبێت.

چارەسەر: ئەگەر تووشی ئەم دۆخە بوویت، پێویستە بزانیت خواردن باشترین ھاودەمت نییە بۆ تێپەڕاندنی، لەبری ئەوە پێویستە خۆت لەسەر وەرزش کردن ڕابھێنیت.

 





3 هەفتە پێشتر - Jan 31 2018 3:02PM
Print Friendly and PDF
زیاتر