تەکنەلۆژیا

فەیسبووک بڵاوکردنەوەی چەند بابەتێک قەدەغە دەکات


تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، لەمەودوا رێگە نادرێت بەکارھێنەران ھەندێک بابەت لەسەر ئەو تۆڕە بڵاوبکەنەوە، کە لەگەڵ یاسای نوێی ئەو تۆڕە یەکناگرێتەوە.
ئەو شتانەی قەدەغەکراون و لەسەر تۆڕەکە بڵاوناکرێنەوە، پەیامە نایاساییەکان و وتاری توندوتیژی و پەیامی سێکسیین.
لە سەرووی ئەو شتانەی رێگە بە بڵاوکردنەوەیان نادرێت، وێنەی رووتی منداڵانن، تەنانەت لەلایەن کەسوکاری منداڵەکەش، کۆمپانیاکەش روونیکردووەتەوە، رەنگە لەداھاتوودا ئەو وێنانە لەلایەن خەڵکی دیکەوە بە مەبەستی دیکە بەکاربھێنرێت.
رێگە لە دانپێدانانیش دەگرێت لە ھەموو جۆرەکانی تاوان لەسەر ئەو تۆڕە، بەو پێیەی شوێنەکە بۆ ئەو مەبەستە گونجاو نییە، تەنھا دەتوانرێت گفتوگۆی یاسایی و ئەو دەقە یاساییانەی پەیوەندییان بە سزا و تاوانەوە ھەیە، لێی بڵاوبکرێتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆمپانیاکە، بە ھیچ شێوەیەک رێگە بە کڕین و فرۆشتن و رەواجدان نادات بۆ ماددە ھۆشبەرەکان، بەڵام کڕین و فرۆشتنی چەک رێگەی پێدەدرێت، بەتایبەتیش چەکی تایبەت و کەلوپەلەکانی، بەڵام رێکلامی چەک بۆ کەسانی خوار تەمەن ٢١ ساڵ، نایبینن.
ھەرچی قسەی ناشیرین "جنێو و سووکایەتییە بە کەسانی دیکە"، بە ھیچ شێوەیەک رێگە بەبڵاوبوونەوەی نادرێت، رێگەش نادات لە رێگەی ئەو تۆڕەوە ھێرش بکرێتە سەر ئەو کەسانەی کێشەی دەروونی، مێشک و جەستەییان ھەیە.
ھاوکات رێگە لە بڵاوکردنەوەی ھەموو پەیامێک بۆ ھاندانی توندوتیژی سیاسی دەگرێت، بەتایبەتیش دوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان.
لیستی نوێی قەدەغەکراوەکانی فەیسبووک، لە ٢٧ لاپەڕە پێکھاتووە، ئەوانەی سەرەوە دیارترینییان، ئێستاش کۆمپانیاکە داوا لە بەکارھێنەران دەکات، بە باشی ئەو رێنماییە نوێیانە بخوێننەوە کە تایبەتن بە تۆڕەکە، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا ھیچ بڵاوکراوە و پۆستێکیان لێ رەشنەکرێتەوە.





7 مانگ پێشتر - Apr 30 2018 9:24AM
Print Friendly and PDF
زیاتر