هەمەڕەنگ

زەماوەندە شاهانەکە چەندی تێچوو؟


بەپێی ھەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان تێچووی زەماوەندە شاھانەکەی بەریتانیا گەیشتووەتە ٤٣ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، کە رێکارە ئەمنییەکان زۆرترین تێچووی پێکدەھێنێت.

رۆژی شەممە نیوەی دانیشتووانی جیھان، لە رێی کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بینەری زەماوەندە شاھانەکەی بەریتانیا بوون، کە شازادە ھاری و ھونەرمەندی ئەمریکی، میگان مارکل زەماوەندی ھاوسەرگیرییان ئەنجامدا و بەو بۆنەیەوە چەندین ھونەرمەند و وەرزشوان و سیاسەتمەداری جیھانی بانگھێشتکران و زیاتر لە پێنج ھەزار پەیامنێر و رۆژنامەنووسیش رووماڵی ئەو زەماوەندەیان کرد.

رێکخستنی زەماوەندێکی لەو چەشنە کە ھاوشێوەی ئەوەیە لە چیرۆکە ئەفسانەییەکاندا دەبیسترێت، پێویستی بە بڕە پارەیەکی زۆرە، خەڵکیش بە تامەزرۆییەوە لە چاوەڕوانی زانینی وەڵامی ئەو پرسیارەن، کە ئەو ئاھەنگە چەندی تێچووە؟

مێدیاکان لەدوای بەڕێوەچوونی زەماوەندەکەدا، تێچووی ئاھەنگەکەیان بڵاوکردەوە کە خۆی لە بڕە پارەیەکی زۆر دەدات، کە بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکان، زەماوەندە شاھانەکە بڕی ٣٢ ملیۆن جنەیھی ئیستەرلینی تیادا خەرجکراوە کە دەکاتە ٤٣ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، کە ئەمەش لە زەماوەندی شازادە ویلیام و کایتی ھاوسەری زیاترە کە لە ساڵی ٢٠١١ سازکراو  بڕی ٣٤ ملیۆن دۆلار تێچووەکەی بوو.

بەگوێرەی شارەزایانی کۆمپانیای (برایدبوک)، رێکارە ئەمنییەکان بەشێکی گەورەی تێچووی زەماوەندەکەی گرتووەتە خۆی، کە خۆی دەگەیەنێتە ٤٠ ملیۆن دۆلار، ئەمەش لەپای ئەو ھەڕەشە و دەنگۆیانەیە کە لەم دواییانەدا بڵاوبووبوونەوە.

تێچووەکانی تری زەماوەندەکە بەم شێوەیەن:
١٢١،٠٠٠ دۆلار بۆ ئەو دە ژەنیاری کەڕەنایەی دەستپێکی زەماوەندەکەیان راگەیاند.
٦٧،٠٠٠ دۆلار بۆ کێکی زەماوەندەکە.
١٤٨،٠٠٠ دۆلار بۆ گوڵی ئاھەنگەکە کە  رێڕەوەکەی پێ رازێنراوەتەوە.
٤٠٤،٠٠٠ دۆلار تێچووی ئەو سەیوانە شوشەییەیە کە لە ئێوارەدا رێورەسمەکەی لەژێردا ئەنجامدرا.
٣٥،٠٠٠ دۆلار تەنیا لە چایی و کولیچەی سۆسیجدا خەرجکراوە، کە پێشکەشی ٢٦٤٠ کەس کراوە کە بانگھێشت کرابوون.
٤٧٠،٠٠٠ دۆلاریش تێچووی جلی بووکێنی بووە.









3 مانگ پێشتر - May 20 2018 10:12PM
Print Friendly and PDF
زیاتر