هەمەڕەنگ

ئایا زنجیرەی سیمپسۆنسەکان پێشبینیی یاریی کۆتایی مۆندیال دەکات؟


دەنگۆی پێشبینیکردنی رووداوەکانی جیهان لە زنجیرەی تەلەفزیۆنی سیمپسۆنسەکان "The Simpsons" تا دێت زیاتر دەبێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە یەکێك لە ئەڵقە کۆنەکاندا باس لە یاریی هەڵبژاردەی مەکسیک و پورتوگال دەکات.

زنجیرەی سیمپسۆنسەکان یەکێکە لە زنجیرە بەناوبانگەکانی جیهان کە لە ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکا بینەرێکی زۆری هەیە و لە ئەڵقەکانیدا باس لە گرفت و کێشەکانی کۆمەڵگە و پرسە هەستیارەکانی جیهان دەکات، گەیشتووەتە ئاستێك زۆرێك لە بینەران بڵێن ئەم زنجیرەیە لە توانایدایە پێشبینیی بۆ رووداوەکانی داهاتوو بکات، ئەمەش دوای ئەوەی پێشوەختە لە ئەڵقە کۆنینەکانیدا پێشوەختە لە ساڵی ٢٠٠٠ دا باسی لەوە کردبوو کە دۆناڵد ترامپ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا، هەروەها دیمەنێک وەک پێشبینیکردنی رووداوی تەقاندنەوەی دوو تاوەرەکەی ١١ی سێپتەمبەر ناوی دەبەن.

دوای دەستپێکردنی پاڵەوانێتی مۆندیالی رووسیا، بینەران ئەڵقەیەکی کۆنی ساڵی ١٩٩٧ی زنجیرەکەیان وەک پێشبینیکەری یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە دانا، کە لە ئەڵقەی پێنجەمینی وەرزی نۆهەمدا، خێزانی سیمپسۆنس تەماشای ریکلامێکی یاریی تۆپی پێ دەکەن کە هەردوو هەڵبژاردەی پۆرتوگال و مەکسیک بۆ دەستنیشانکردنی باشترین نەتەوە لە جیهاندا رووبەڕووی یەکتردەبنەوە.

لە ریکلامەکەدا یاریزانێکی هەڵبژاردەی مەکسیک گۆڵ تۆماردەکات و لە مەلەوانگەیەکدا لەگەڵ کۆمەڵێك خانمدا خەریکی ئاهەنگگێڕانە، هەندێك کەس ئەم دیمەنە بە براوەیی مەکسیک دادەنێن لەو یاریەدا.

بە پێچەوانەی ئەوەی پاڵيوانێتییەکە لە وڵاتی رووسیایە، بەڵام ئەو یاریەی لە سیمپسۆسندا دەکرێت لە ئەمریکا و لە شاری سپرینگفیڵدە، کە سەرجەم شارەکە بۆ بینینی یارییەکە ئامادە دەبن، لەو شوێنەشدا، "هۆمەر سیمپسۆنس" کەسێتیی سەرەکیی زنجیرەکە بە دڵتەنگییەوە بە "مارج"ی خێزانی دەڵێت: " من خۆم دەکوژم ئەگەر پۆرتوگال نەیباتەوە"، کە چەند کەسێك ئەم قسەیەی هۆمەر وەک نیشانەیەک بۆ براوەیی هەڵبژاردەی رۆناڵدۆ دەبینن.

بەگوێرەی ئەڵقەکە، یارییەکە جاڕزکەر دەبێت، تا ئەو ئاستەی هاندەران بێزار دەبن و بەو هۆیەوە شەڕێکی سەخت لە یاریگاکەدا روودەدات.

ماوەتەوە بڵێین، لە ئەڵقەکەدا بەهیچ شێوەیەک باس لە کاتی ئەنجامدانی ئەو یارییەی نێوان مەکسیک و پۆرتوگال نەکراوە، ورووژاندنی ئەم پێشبینییەش زیاتر لەدوای ئەو ئاستە بەرزەوە بوو کە هەردوو هەڵبژاردە لە یاریی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا پێشکەشیان کرد، کە مەکسیک توانی لە پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو بباتەوە و هەڵبژاردەی پۆرتوگالیش بە سێ گۆڵی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەنجامەکەی لەگەڵ ئیسپانیادا یەکسانکردەوە و هیوایانی بۆ سەرکەوتن گەڕاندەوە.

دوایین جار کە هەردوو هەڵبژاردە رووبەڕووی یەکتر بووبێتنەوە، لە یاریی جامی کیشوەرەکان بوو کە هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە کاتی زیادکراودا توانی لە مەکسیک بباتەوە.


3 مانگ پێشتر - Jun 27 2018 11:34AM
Print Friendly and PDF
زیاتر