هەمەڕەنگ

درەختە بەتەمەن و دەگمەنەکانی جیھان بەھۆی گۆڕانی کەشوھەواوە لەژێر ھەڕەشەی لەناوچووندان



ئاشکرایە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماو گۆڕانی کەشوھەوای جیھان لەھەموو لایەکەوە کاریگەریەکی گەورەی کردۆتە سەر ھەسارەی زەوی و ژیانی مرۆڤ و زیندەوەرەکانی تر, لە دواین بە دواداچوونیشدا دەرکەوتووە کە بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە درەختە بەتەمەن و دەگمەنەکانی جیھان ھەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرەو بەرەو نەمان دەچن.

جۆرێک لە درەخت لە کیشوەری ئەفریقا ھەیە کە پێی دەوترێت (بایۆباب), ئەم درەختە یەکێکە لە درەختە جوان و سەرنج راکێشەکانی جیھان کە تەمەنێکی زۆر درێژیان ھەیە و پێیان دەوترێت (درەختی ژیان) و لە ساڵانی پێشوودا تەنیا ١٣ دانەیان لەسەر زەوی مابوون.
لەنوێترین توێژینەوەو بەدواداچوونی زانستیدا کە لە گۆڤاری (نەیچە پلانتس) بڵاوکراوەتەوە و لەسەر ئەم جۆرە درەختە کراوە دەرکەوتووە کە بەداخەوە لە کۆی ١٣ درەختی (بایۆباب) بەھۆی گۆڕانی کەشوھەواوە لە ماوەی ١٢ ساڵی پێشوودا  ٩ دانەیان لەناوچوون و تەنیا ژمارەیەکی کەمیان ماوە, لە کاتێکدا ئەم جۆرە درەختە تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ پێش لە دایک بوونی حەزرەتی عیساو تەمەنیان لە نێوان ھەزار بۆ دوو ھەزارو پێنج سەد ساڵدایە.
(بایۆباب) یەکێکە لە درەختە بەسودەکان بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیەی لە نزیکیەوە دەژین, ھەر بۆیە خەڵکی ئەو ناوچەیە زۆر دڵتەنگ و خەمبارن بە لەناوچوونی ئەم درەختە, وەک خۆیان دەڵێن بایۆباب بەشێکی گەورەیە لە یادەوەری و ژیانی خۆمان و باوباپیرانمان, زۆرێک لە مەراسیمە ئاینی و کۆمەڵایەتیەکانمان بەدرێژایی مێژوو لە تەنیشت ئەم درەختانەوە بووە, ھەزاران ساڵە ئەم درەختە لەگەڵ ئێمەدا دەژی و سودێکی زۆرمان لێ بینیوە بۆیە ئێستا زۆر نیگەرانین لە لەناوچوونیان.
لەبارەی لەناوچوونی ئەم درەختانەوە یەکێک لە راوێژکارانی رێکخراوی ژینگەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ھۆکاری لە ناوچوونی ئەم درەختانە ھەر چی بێت دواجار دەستی مرۆڤی تێدایە, بەداخەوە لە ئێستادا گۆڕانی کەشو ھەواو گەرم بوونی زەوی کە ھۆکارەکەی مرۆڤە کاریگەریەکی گەورەی کردتە سەر ژیانی ئێمەو ھەموو زیندەوەرانی تر, لەبەرئەوە تا ئەم دیاردەیە بەردەوام بێت چەندین رووداوی تری لەم جۆرە لە جیھاندا روودەدەن بەداخەوە.
درەختی بایۆباب یەکێک لە درەختە مێژوویەکانی سەر ھەسارەی زەویەو زیاتر لە باشوری کیشوەری ئەفریقاو ھیندو ئوستورالیا ھەبووە, قەدێکی درێژی ھەیە و لق و گەڵاکانی بەشێوەیەکی بازنەیی فراوان بەدەوریدا شۆڕ دەبنەوە, بەرزیەکەی لەنێوان ٢٠ بۆ ٣٠ پێدا دەبێت.



3 مانگ پێشتر - Jul 18 2018 12:18PM
Print Friendly and PDF
زیاتر