هەمەڕەنگ

ئەمریکا شوێنی نیشتەجێبوون بۆ سەگە بەڕەڵاکان دابین دەکات



لە ساڵی ١٩٨٦ کارەساتێکی ئەتۆمی لە ناوچەی (چیرنۆبڵ)ی نزیک سنوری ھەردوو وڵاتی ئۆکراین و روسیا روودەدات بەو ھۆیەوە خەڵکی ئەو ناوچەیە ئاوارە دەبن و ماڵ و حاڵیان بەجێ دەھێڵن و ھەڵدێن, بەو ھۆیەوە لە دوای خۆیان جگە لە خانوو و ماڵەکانیان سەدان سەگ بەجێ دەھێڵن کە لەو ساڵەوە لەوێ ماونەتەوەو زاوزێیان کردووەو ژمارەشیان زیادی کردووە.
بۆ بەھاناوەچوونی ئەم سەگانە ٤ ساڵ لەمەوپێش رێکخراوی ناسودمەندی (داھاتووی پاک) سەردانی ئەم شوێنەیان کردووەو کاتێک دەگەنە ئەوێ توشی شۆک دەبن کاتێک دەبینن ئەو ژمارە زۆرە سەگی بێ لانە لەوێ دەژین, ھەر بۆیە (لۆکاس ھیکستۆن)ی دامەزرێنەری رێکخراوەکەو ھاوڕێکانی پرۆگرامێکی سێ ساڵە دادەنێن بۆئەوەی بتوانن ھاوکاری ئەو سەگانە بکەن و بیان گەڕێننەوە بۆ ژیان.   
ھیکستۆن دەڵێت ئێمە بەدرێژایی ٣٠ کیلۆمەتر روماڵێکی چڕوپڕمان دەست پێکرد بۆ دۆزینەوەی ئەو سەگانەو بۆمان دەرکەوت نزیکەی ٩٠٠ بۆ ھەزار سەگ لەم ناوچەیەدا دەژین, بۆیە لە دوو ساڵی یەکەمی پرۆگرامەکەماندا توانیمان نزیکەی ٦٥٠ سەگیان رزگار بکەین و بیان گەڕێنینەوە بۆ ژیان, ھەموو ساڵێکیش بۆ ماوەی ٤ ھەفتە لەگەڵ تیمێکی خۆبەخش ھاتووینەتە ئێرە و تیمێکی ڤێتێرنەریمان ھێناوە بۆئەوەی نەشتەرگەری و چارەسەری پێویست بۆ سەگەکان بکەن.
ھیکستۆن دەڵێت پێش ئەوەی سەگەکان بگوێزینەوە پشکنینی تەندروستیان بۆ دەکرێت بۆئەوەی بزانرێت تاچەند کاریگەری تیشکدانەوە ئەتۆمیەکەیان لەسەر ماوەو ھەموویان دەکوترێن و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت ئینجا دەگوێزرێنەوە, بەداخەوە تائێستاش ھەندێک لەو سەگانە کاریگەری تیشکدانەوەکەیان لەسەر ماوەو پێویستیان بە ڤاکسین و چارەسەری زیاترە, ھەر بۆیە ئەو سەگانەی کە ھێنراونەتە ئەمریکا تەندروستیان زۆر باشەو دەتوانن بە ئاسانی بێ ھیچ زیانێک لێرە بژین.
رێکخراوی داھاتووی پاک لە بەشێک لە پرۆگرامەکەیاندا بۆ رزگاکردنی ئەو سەگانە کاتێک سەگەکان دەبەنە ئەمریکا لە رێگەی وێبسایتێکی تایبەتەوە سەگەکان نیشان دەدرێن و ھاوڵاتیانیش دەتوانن سەگێک بۆ خۆیان ھەڵبژێرن و بیبەنە لای خۆیان.
رێکخراوەکە دەڵێت ھەرچەندە ئەم سەگانە لە بارودۆخێکی نالەبارو سەختدا ژیاون بەڵام وەڵامدانەوەیەکی باشیان بۆ ژیان و خۆشویستنی مرۆڤ ھەیەو دەتوانن بە ئاسانی لەگەل ژینگەی نوێ رابێن, تائێستاش بە سەدان لەو سەگانە ماڵی نوێیان ھەیەو لەگەڵ خێزانە ئەمریکیەکان دەژین.



5 مانگ پێشتر - Jul 18 2018 12:22PM
Print Friendly and PDF
زیاتر