هەمەڕەنگ

جۆرە باڵندەیەکی دەگمەن لە ھەڕەشەی لەناوچوون دەپارێزرێت



بە درێژایی مێژوو و بەھۆی گۆڕانی بارودۆخ و کەشوھەوای ھەسارەی زەویەوە سەدان جۆری جیاوازی زیندەوەر لەسەر ئەم زەویە ژیاون و دواتر ژمارەیان کەم بۆتەوەو لەناوچوون, ھەندێک لەو زیندەوەرانە توانای ژیانیان نەبووە  لەگەڵ ئەو بارودۆخ و کەشە نوێیەی کە بەردەوام لە زەویدا روو دەدات بەتایبەت لە ئێستادا کە کەشوھەوای زەوی گۆڕانکاری گەورە بەخۆیەوە دەبینێت. 
l
یەکێک لەو باڵندانەی کە زۆر دەگمەنەو رەگەزەکەیان مەترسی لەناوچوونی لەسەرە  قوڵنگی ئەمریکیە کە باڵندەیەکی مل درێژەو سەر بە خێزانی وشترمل و قازە, ئەم قوڵنگە زیاتر لە وڵاتی ئەمریکا و کەنەداو بەتایبەتیش لە ویلایەتی لویزیانا دەژی. 
بەپێی ئاماری توێژینەوە زانستیەکان ئەم جۆرە قوڵنگە نزیکەی سەدەیەک لەمەوپێش مەترسی لەناوچونیان لەسەر بووەو لە ساڵی ١٩٤١دا نزیکەی ٢١ دانەیان مابوونەوە لەسەر زەوی, بەڵام بەھۆی گرنگی جۆرەکەیانەوە پسپۆڕانی ئەو بوارە و رێکخراوە ژینگەییەکان گرنگیەکی زۆریان بە ژیانی ئەم جۆرە قوڵنگە داوەو لە دەرئەنجامی ئەو ھەوڵانەشدا ئێستا ژمارەیان زیادی کردووەو نزیکەی ٦٧٠ قوڵنگی ئەمریکی لە لویزیانا دەژی و جارێکی تر ئەم جۆرە باڵندەیە گەڕایەوە بۆ ژیان و ژمارەشیان لە زیاد بووندایە.
پسپۆرانی ئەو بوارە کە سەرقاڵی پاراستنی ژیانی ئەم قۆڵنگانەن ئەرکێکی قورسیان لەسەر شانە, لەبارەی کارەکەشیانەوە (ئاماندا لویس) کە لە پەیمانگەی (ئودۆبون)ی تایبەت بە ژینگەو سروشت کاردەکات دەڵێت: ئێمە لێرە گرنگی بە ژیانی ئەم قوڵنگانە دەدەین و گەورەیان دەکەین و جارێکی تر دەیانگەڕێنینەوە بۆ ناو سروشت, بەڵام بەھۆی ئەوەی ژمارەیەکی کەممان لایە بۆیە بۆ پەروەردەکردن و فێرکردنی ئەو قوڵنگانەی کە تازە ھاتوونەتە ژیانەوە دەکەوێتە سەر شانی ئێمە, خۆمان جلی تایبەت لەبەر دەکەین کە وەک رەنگی قوڵنگەکان خۆیانە بۆئەوەی فێریان بکەین چۆن بخۆن و بخۆنەوە, ئێمە لێرە رۆژانە راھێنانیان پێ دەکەین بۆ ئەوەی ئامادەی ژیان بن کاتێک دەچنەوە نێو سروشت.
بەپێی ئامارەکان ژمارەی ئەم قوڵنگانە پێش ئەوەی بەرەو لەناوچوون بچن زیاتر لە ١٠ ھەزار قوڵنگ بووە, بەڵام دواتر ژمارەیان بۆتە ٢١ دانە, لە ئێستاشدا پسپۆڕان گەشبینن بە سەر لەنوێ ژیانەوەی ئەم جۆرە باڵندەیە کە جارێکی تر ژمارەیان زیادی کردووە بەڵام ئەوەش ناشارنەوە کە ترسیان ھەیە جارێکی تر بەھۆی کارەساتە سروشتیەکانەوە ژمارەیان بەرەو کەم بوونەوە بچێت.  



3 مانگ پێشتر - Jul 19 2018 2:48PM
Print Friendly and PDF
زیاتر