هەمەڕەنگ

مۆزەمبیق ... دارستانەکان دەبوژێنێتەوە



بە درێژایی مێژوو مرۆڤ لە رێگەی جەنگەوە ھۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ تێکدانی سروشت و ژینگەی ئەم ھەسارەیە, ئەگەر کاریگەری جەنگ و ململانێکانی مرۆڤ نەبوونایە لەسەر زەوی ئێستا ئەم ھەسارەیە بەشێوەیەکی تر دەردەکەوت, بۆیە بەردەوام سروشت و ژینگەی زەوی پێویستی بەوەیە کە لە پاشماوەی جەنگە وێرانکەرەکان پاک بکرێتەوە.
چیای گۆرۆنگۆسا لە وڵاتـی مۆزەمبیق یەکێک لە چیا دڵرفێنەکانی جیھان و ئەو وڵاتە کە یەکێک لە دارستانە گەورەکانی جیھانی تێدایە, لە ساڵانی رابردوودا بەھۆی جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە دارستان و ژینگەی ناوچەکە زیانێکی زۆری پێگەیشتووە, ئەم چیایە بەرزیەکەی دەگاتە ١٨٦٣ مەتر و ساڵانە رێژەیەکی زۆر بارانی لێدەبارێت, بۆتە شوێنی چەندین زیندەوەرو رووەکی دەگمەن و ناوازە, بەڵام بەداخەوە بەپێی ئامارەکان پسپۆران دەڵێن لە ساڵی ١٩٧٠ەوە  تائێستا %٤٠ی دارستانەکەی لەناوچووە, ھەر بۆیە لە ئێستادا ھەوڵ دەدرێت جارێکی تر سیمای جوان و دڵڕفێنی ناوچەکە بگەڕێنرێتەوە.
لە ئێستادا بەرپرسانی ئە ووڵاتە بەھاوکاری پسپۆرانی بیانی ھەوڵ دەدەن ژینگەی ناوچەکە ببوژێننەوە بۆئەوەی ھانی جوتیارەکان دەدەن کە بەرێّژەیەکی زۆر قاوە بچێنن ئەمەش لەبەر دوو ھۆکارە یەکەم قاوە دەتوانێت جارێکی تر خاکی دارستانەکە پتەو بکاتەوەو پارێزگاری لە درەختەکان بکات و دووەمیش لە رووی داراییەوە قازانجێکی زۆر بە جوتیارەکان دەگەیەنێت.
(راندینۆ فادوکۆ) کە جوتیارێکی بەشداربووی پرۆژەکەیە دەڵێت بەڵێ ئێمە لە ئێستادا سەرقاڵی چاندنین, درەختی گەورە دەروێنین و قاوەش لە نێوانیانیادا دەچێنین بۆئەوەی جارێکی تر دارستانەکە بەپیت و بەھێز ببێـتەوە.
(کوێنتین ھارۆف) کە پسپۆرێکی ئەمریکیەو ھاوکاری پرۆژەکەی حکومەتی مۆزەمبیق دەکات دەڵێت زۆر گەشبینم بە پرۆژەکەو ھەوڵمانداوە لە ھەموو ھێکتار زەویەکدا ٩٠ درەختی گەورە بروێنین, ئەمە جگە لەوەی لە نێوان درەختەکاندا قاوەمان چاندووە کە زۆر بەھێزە بۆ باشتر کردنی زەویەکەو راگرتنی درەختەکان, ھەوڵمانداوە ئاو لە ناوچەکەدا گل بدەینەوەو بۆ زۆر مەبەستی تر بەکاری بھێنین و بەگشتی پرۆژەکە زۆر بەباشی بەرێوە دەچێت.
لە دوای چەند ساڵێک لە جەنگی وێرانکەری ناوخۆو خاپورکردنی ژینگەو سروشتەکەی, دواجار واخەریکە چیای سەرکەشی گۆرۆنگۆسا وردەوردە لە پاشماوەی جەنگ پاک دەکرێتەوە جارێکی تر پڕ دەکرێتەوە لە داری مۆزو ئەناناس و چەندین میوەی ترو چاوەروان دەکرێت ببێتە پرۆژەیەکی کشتوکاڵی و ژینگەیی گەورە لە جیھاندا.



3 مانگ پێشتر - Jul 21 2018 4:17PM
Print Friendly and PDF
زیاتر