هەمەڕەنگ

چالۆنجە گەورەترین دارستانی سەر زەوی لەناو دەبات



بەردەوام دارستانەکان لە ژێر ھەڕەشەیی ژینگەییدان، بەڵام لە ئێستادا گەورەترین دارستان لە جیھاندا لە ژێر ھەڕەشەی قالۆچەکاندایە، بەپێی تریپیدیا کە دامەزراوەیەکی ئەمریکیە بۆ تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، دارستانی جۆھانسبێرگی لە ئەفریقای باشور  وەک شەشەمین دارستانی پڕ دارو درەخت دیاریکردووە، بەلام لە ئێستادا ئەم دارستانە ڕووبەرووی ھەرەشەیەکی گەورە بۆتەوە  بەھۆی ھێرشی قالۆنچەکان و ئێستا لە ھەموو ناوچەکەدا بڵاوبۆتەوە وبوونەتە ھۆی لەناوبردنی درەختەکانی ناوچەکە.
 دکتۆر (تروودی پاپ) لە  زانکۆی پریتۆریا کە پسپۆڕی دیاریکردنی نەخۆشی ڕووەکیە لە ٢٠١٧ دا  قالۆنچەی ٢ ملم درێژی بینی لە خۆرھەڵاتی باخچەکانی پیتەرماریزبێرگ  کە ٣٢٠ کیلۆمەتر لە دارستانی جۆھانسبێرگەوە دوورە، ھەر ساڵێک دوای ئەوە بەرپرسانی شارەکە وتیان کە لەنێوان ٦ بۆ ١٠ ملیۆن درەخت لە شارەکەدا تا ئێستا زیانیان پێگەیشتووە، ھەروەھا پاپ ئەوەی روونکردەوە  کە قالۆنچەکان کاردەکەنە سەر ڕەگی درەختەکان کە سەرچاوەی وەرگرتنی خۆراکی درەختەکانە، ئەمەش کاردەکاتە سەر ملولوکانی قەدی درەختەکە و بەمەش خۆراک و ئاوی پێویست بۆ درەختەکە ناچێت ھەروەھا قەدەکانیشیان کلۆر دەکەن، ئەمەش دەبیتە ھۆی لەناوچوونی  درەختەکە، ھەرلەبەر ئەمەیە زۆرێک لە لێپرسراوانی جۆھانسبێرگ ترسی لەدەستدانی درەختەکانیان ھەیە.
 سەبارەت بە چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی ئەم زیندەوارانە، زاناکان پێیان وایە کە ئەم زیندەوارانە لە ئاسیاوە لە ڕێگەی سندووقی پێچراو و بەرھەمە ڕووەکیەکانەوەگواسراوەتەوە بۆ ئەفریقای باشوور، لەبەرئەوەی درەختەکانی جۆھانسبێرگ بەرگریان بۆ ئەم قالۆنچانە نیە بە پێچەوانەی درەختەکانی ئاسیا کە ئاشنان پێیان.
 (نیل ھیل) کە پسپۆڕێکی ئەو بوارەیەو چارەسەری درەختی زیانلێکەوتوو دەکات وتی: درەختە بەتەمەنەکان زیاتر زیانیان بەردەکەوێت بەھۆی نەخۆشی و مێرووەکان، کە ئەمەش مانای وایە گەورەترین بەشی دارستانەکە خەریکە لەناو دەچێت  لەبەرئەوەی درەختە بەتەمەنەکان لەناوەچن خۆ ئەگەر درەختە بچووک و تازەکان بن ئەوەندە کاریگەری لەسەر دارستانەکە نابێت، بۆیە ئەگەر ئیستا دەست نەکەین بە چاندنی درەختی نوێ ئەوا بۆشاییەکی گەورە لە دارستانەکەدا دروست دەبێت و دارستانەکە لەناو دەچێت.
پێشتریش درەختەکانی ئەمریکا ڕووبەروی ھەمان مەترسی بوونەتەوە و باشترین ستراتیژ کە بەکاریان ھێناوە بڕینەوەی درەختە زیان لێکەوتووەکان بووە، بۆیە لە ئێستادا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت کە ھەنگاوی  خێرا بنێن بۆ ڕێگریکردن لەو نەخۆشیە بۆ پاراستنی یەکێک لە گەورەترین دارستانەکانی جیھان لە لە ناوچوون.



5 مانگ پێشتر - Jul 22 2018 3:31PM
Print Friendly and PDF
زیاتر