تەندروستی

پیسبوونی ھەوا تەمەڵت دەکات


پیسبوونی ژینگە و ھەوا ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت و بێجگە لەوەی زیانێکی زۆری بۆ تەندروستی ھەیە لە نوێترین توێژینەوەدا دەرکەوتووە مرۆڤ تەمەڵ دەکات.
توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن بەرکەوتن بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بە ھەوای پیس و ھەڵمژینی ئەو ھەوایە لە ڕێگای ھەناسەوە وادەکات کەسەکە تەمەڵتر بێت لە بیرکاری و قسەکردندا.

بە مەبەستی زیاتر لێکۆڵینەوە لەم کێشەیەدا توێژەرەکان لە پەیمانگای توێژینەوە بۆ یاساکانی خواردن لە ئەمەریکا کۆمەڵێک داتایان لە پانێڵی خێزانی نەتەوەیی چینیەوە ھێنا بۆ شیکارکردنی ئاستی زانینی کەسەکان، لەم توێژینەوەیەشدا شیکاری داتای ٣٢،٠٠٠ کەس کرا بۆ ساڵەکانی ٢٠١٠ تاوەک ٢٠١٤، تەمەنی بەشداربووەکانیش لە ١٠ ساڵ بۆ سەرەوە بوو.

دەرەنجام تیمەکە ئەوەی ئاشکراکرد زیرەکی تاک لە ھەردوو لایەنی قسەکردن و بیرکاریدا بەرەو لاوازی چووە لەگەڵ زیادبوونی پیسبوونی ھەوادا، ئەو کەسانەی تەمەنیشیان زۆرترە زیاتر کاریگەربوون بە پیسبوونی ھەواو و لاوازبوونی ئاستی زیرەکیان بەتایبەت لە قسەکردندا، توێژینەوەکە باس لەوەش دەکات پیسبوونی ھەوا یەکێکە لەو ھۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی زەھایمەر و بیرچوونەوە زیاددەکات.

دواھەمین داتاکانیش بەپێی پێوانەکانی ڕێکخراوی (WHO) ٢٠ پیسترین شار لە جیھاندا ڕادەگەیەنێت، ڕێژەی ئەو دانیشتوانەی لە ھەر یەکێک لەو شارانە کە بەپێی پێوانەکانی ژیانێکی تەندروست ناژین زیاتر لە ملیۆنێک کەسە و ھەندێک شاریش ٪٧٥ی مردن تێیدا بەھۆی پیسبوونی ھەواوەیە بەتایبەت ئەو شارانەی لێڵبوون و تەمی ھەوای تێدا دروست دەبێت بەھۆی پیسی و خۆڵ و دوکەڵەوە.




3 مانگ پێشتر - Aug 28 2018 5:09PM
Print Friendly and PDF
زیاتر