تەندروستی

پەیوەندی نێوان ئەڤۆکادۆ و کێش دابەزاندن ئاشکرادەکرێت


ئەڤۆکادۆ یەکێکە لەو خواردنانەی دەوڵەمەندە بە چەورییە تەندروستەکان و سوودێکی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنێت و لە ڕێجیمەکانی دابەزاندنی کێشدا بوونی ھەیە، بۆ زیاتر لێکۆڵینەوە لە کاریگەری ئەڤۆکادۆ لەسەر دابەزاندنی کێش توێژەرەکان لە زانکۆی لۆما لیندا، پێن ستەیت، توفتس و زانکۆی کالیفۆرنیا سەرقاڵی توێژینەوەیەکن لەسەر ٢٥٠ کەس.

لەم توێژینەوەیەدا بەشداربووەکان دەکرێن بە دوو گروپەوە، گروپی یەکەم ھەموو ڕۆژێک یەک ئەڤۆکادۆ دەخۆن بۆ ماوەی شەش مانگ، گروپی دووەم لە مانگێکدا یەک یان دوو ئەڤۆکادۆ دەخۆن بۆ ماوەی شەش مانگ، بەرامبەر بەم ھاوکارییەش ھەر کەسێک لە بەشداربووەکان ٣٠٠ دۆلاری دەدرێتێ.

مەبەستی سەرەکی توێژینەوەکە بۆ زانینی ئەوەیە تا چەند خواردنی یەک ئەڤۆکادۆ لە ڕۆژێکدا کاریگەری دەبێت لە تواندنەوەی چەوری کەڵەکەبووی ورگدا، گریمانەی توێژینەوەکەش بۆ تاقیکردنەوەی ئەوەیە کە ئەڤۆکادۆ بەڕاستی دەتوانێت یارمەتی کێش دابەزاندن و تواندنەوەی چەوری ورگ بدات.
ئەو مەرجانەی دەبێت لە بەشداربووەکاندا بێت ئەوەیە تەمەنی لە ٢٥ ساڵ کەمتر نەبێت و ئەگەر پیاو بێت کەمەری بەلایەنی کەمەوە ٤٠ ئینچ و ئەگەر ژن بێت کەمەری بەلایەنی کەمەوە ٣٥ ئینچ بێت.

توێژینەوەکە لە ئێستادا بەردەوامە و تاوەک ئێستا ئەنجامەکان دەرنەچووە.



3 هەفتە پێشتر - Aug 29 2018 5:02PM
Print Friendly and PDF
زیاتر