هەمەڕەنگ

جۆرێكی نایابی كیسەڵ لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندایە


كیسەڵێ "هاوكسبێڵ" یەكێكە لە جۆرە نایابەكانی كیسەڵ و ئێستا لە ژێر هەڕەشەی لەناوچووندایە، ئەم گیانەوەرە دەریاییە زیاتر لە گردە مەرجانیەكانی زەریای هێمن و ئەتڵەسیدا دەژی.

بەشێوەیەكی گشتی شێوەیان وەك جۆرەكانی تری كیسەڵە بەڵام ئەم جۆرە كیسەڵە بە دەنوكە تیژ و چەماوەكەی و باڵە شێوە شمشێریەكەی ناسراوە، لە هەمانكاتدا یەكێكی تر لە جیاوازییەكانی ئەوەیە كە ڕەنگی توێكڵەكەی بە گۆڕانی پلەی گەرمی ئاوەكە دەگۆڕێت.

شێوازی زۆربوونی ئەم جۆرە كیسەڵە لەڕێگەی هێلكەوەیە، سەرەڕای ئەوەی كیسەڵەكان هەزاران ساڵە لە زەویدا بوونیان هەیە، بەڵام لە ئێستادا كیسەڵی "هاوكسبێڵ" ژمارەیان زۆر كەمی كردووە، هۆكارەكەشی ئەوەیە بەشێكی زۆر لەم كیسەڵانە لەلایەن مرۆڤەوە ڕاوكراون و پێستەكەیان لە بازاڕی ڕەشدا مامەڵەی پێوە كراوە، هەر بۆیەش لە ئێستادا تەنیا 15 هەزار كیسەڵێ "هاوكسبێڵ" لە جیهاندا ماونەتەوە و لەلایەن ڕێكخراوی پاراستنی سروشتەوە خراوەتە لیستی ئەو ئاژەڵانەی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.