هەمەڕەنگ

گرتنی سێڵفی زۆر دەبێتە هۆی خۆپەرستی


لە توێژینەوەیەكی نوێدا ئەوە سەلمێنراوە زۆر بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و بە تایبەتیش بڵاوكردنەوەی ژمارەیەكی زۆر وێنەی سێڵفی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەبێتەهۆی خۆپەرستی.

لەم جیهانی پێشكەوتن و تەكنەلۆژیایەدا، تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان زۆرینەی كایەكانی ژیانیان گرتۆتەوە ژمارەیەكی یەكجار زۆر خەڵكیان سەرقاڵ كردووە، لە ئێستاشدا لە توێژینەوەیەكی نوێدا كە لە ئیتاڵیا كراوە ئەوە دەردەخات ٪٥٠ ی خەڵك لە ژێر مەترسی توشبوونی حاڵەتی خۆپەرستیدان بەهۆی زۆر بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و بڵاوكردنەوەی وێنەی سێڵفی لە هەژماری تایبەتیان بەتایبەتیش تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی فەیسبوك و ئینستاگرام.

توێژەرەوان بە درێژایی ٤ مانگ لە هەریەكە لە زانكۆكانی " سوانسیا" و "میلان" سەرقاڵی توێژینەوە بوون دەربارەی بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و كاریگەریان لە سەر گۆڕانی كەسایەتی تاكەكان، تیایدا توێژینەوە لە سەر ٧٤ كەس كراوە كە تەمەنیان لە نێوان ١٨-٣٤  ساڵ بووە، دەركەوتووە ئەو كەسانەی كە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان زۆر بەكار دەهێنن و ژمارەیەكی زۆر وێنەی سێڵفی بڵاودەكەنەوە بەڕێژەی٪٢٥ هەستی خۆپەرستیان زیادی كردووە، وەك خۆدەرخستن بۆ ڕاكێشانی سەرنجی خەڵك و سەپاندنی  بیرو باوەڕەكانیان، توێژەران پێشیانوایە هەندێ لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی وەك تویتەر كە زیاتر پەیامەكانی تێدا بڵاو دەكرێتەوە ئەو كاریگەریەی لە سەر بەكارهێنەران نیە وەك تۆڕەكانی فەیسبوك و ئینستاگرام.

لە نێوان ئەو كەسانەی كە لە توێژینەوەكەدا بەشداربوون، بەشێوەیەكی گشتی ڕۆژانە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر سەرقاڵی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی فەیسبووك و ئینستگرام بوون، ئەمە لە كاتێكدا بەشداربووی وای تێدابووە كە ڕۆژانە زیاتر لە ٨ كاتژمێر بەو تۆڕانەوە سەرقاڵ بووە. 

جێی ئاماژەیە بەرپرسانی كۆمپانیای فەیسبووك ڕایانگەیاند كە لە مانگی ئەیلوولدا ڕۆژانە زیاتر لە 1.50 ملیار بەكارهێنەری چالاكیان لە جیهاندا هەبووە، ئەمە لە كاتێكدا كۆمپانیای ئینستاگرام ڕایانگەیاند لە مانگی حوزەیرانەوە مانگانە زیاتر لە یەك ملیار بەكارهێنەریان هەیە، توێژەرەوانیش پێیانوایە كێشەكە بەرەو خراپتر دەڕوات ئەگەر مەترسییەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بۆخەڵك ئاشكرا نەكرێت.

لە كاتێكدا بەشێك لە خەڵك ڕۆژانە بەبەردەوامی لە هەموو شوێنێك سەرقاڵی گرتن و پۆستكردنی سێڵفین لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا، بەڵام بەشێكی تر پێیانوایە كە پێویست ناكات هەموو ژیانی خۆت لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بۆ خەڵك ئاشكرا بكەیت.



2 هەفتە پێشتر - Nov 21 2018 6:25PM
Print Friendly and PDF
زیاتر