هەمەڕەنگ

ئەمریكا باجی گومرگی لەسەر بەرهەمەكانی زەیتوونی ئیسپانیا دادەنێت


بەرهەمی زەیتوونی ئیسپانیا یەكێكە لە بەرهەمە بەناوبانگەكان و ململانێی بەرهەمە ئەمریكیەكان دەكات، بەشێكی زۆری ئەو بەرهەمانەش لە بازاڕەكانی ئەمریكا ساغ دەكرێنەوە، بەڵام لە ساڵی ڕابردووەوە لەلایەن ئەمریكاوە باجی گومرگی خراوەتە سەر، بەم هۆیەشەوە جوتیاران ناچارن بە نرخی كەمتر لە بازاڕ بیفرۆشن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی " ئەسێمێسا"ی ئیسپانی ڕێژەی هەناردەكردنی زەیتونی ڕەش لە ئیسپانیاوە بۆ ئەمریكا لە ساڵی ڕابردووەوە لە ٪٥٠ بۆ ٪٢٢ كەمیكردووە، ڕێژەی فرۆشتنی بەرهەمەكانیش لە ئەمریكا لە ٪٣٠ بۆ ٪١٠ كەمیكردووە.

لەوبارەیەوە "لویس ڕۆبلیس" جوتیارێكی زەیتون لە ناوچەی "سیڤیلی" وتی باجی گومرگی نا دادپەروەرانەیە، چونكە ئەوان هیچیان نەكردووە و زیانیان بەكەس نەگەیاندووە و بەرهەمەكانیان كوالێتیان زۆر بەرزە و لە جیهاندا بەرهەمێكی تری هاوشێوەی زەیتونی ئیسپانیا بوونی نیە، ئاماژەشی بەوادا ئەوان ئەندامی یەكیەتی ئەوروپان كەواتە پێویستە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، لەبەرئەوەی پیشەسازی و كارەكەیان و ژیانیان پشتی بە بەرهەمی زەیتون بەستووە، "ڕۆبیڵس" هۆشداریشیدا كە ئەگەر كێشەكە بەردەوام بێت ئەوا نرخی زەیتونە هەناردەكراوەكان بۆ ئەمریكا بەرزدەبێتەوە.

جێی ئاماژەیە ئیسپانیا بەگەورەترین ناوەندی بەرهەمهێنانی زەیتون لە جیهاندا هەژمار دەكرێت و ساڵانە نزیكەی ٦٥٠هەزار تۆن زەیتون بەرهەم دەهێنرێت كە ٪٧٠ زەیتونی سەوزە و ٪٣٠ زەیتونی ڕەشە، پێش سەپاندنی باجی گومرگی بەرهەمەكانی زەیتون بە بڕی ٧٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریكی لە ساڵێكدا هەناردەی ئەمریكا دەكران. 

لەم دواییانەشدا یەكیەتی ئەوروپا لەلایەن حكومەتی ئیسپانیاوە داوای لێكراوە كە ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت، لەو كاتەوەی بڕیارەكە لەلایەن ئەمریكاوە دراوە، كارگەی " ئاگرۆ سێڤیلا" 70 كارمەندی لە 450 كارمەند لە دەستداوە و ڕێژەی فرۆشیشیان بە ڕێژەی لەسەدا 15 كەمیكردووە .



هەفتە پێشتر - Nov 28 2018 5:34PM
Print Friendly and PDF
زیاتر