هەمەڕەنگ

ماداگاسکار مەڵبەندی ئۆتۆمبێلە كلاسیكیەكانە


بۆ ئەو كەسانەی خولیایی ئۆتۆمبێلی كلاسیكین لەوانەیە گەشتێك بۆ ناوچەی ماداگاسكار ببێتە گەشتێكی مێژوویی و لە بیر نەكراو، لەبەرئەوەی تا ئێستاش بە شێوەیەكی سەرەكی ئۆتۆبێلە كلاسیكیەكان بەكاردەهێنرێت.

لە "ئەنتەنەناریڤۆ"ی پایتەختی ماداگاسكار ئۆتۆمبێلی 4L ی كۆمپانیای"ڕێنواڵت"ی فەڕەنسی بەشێوەیەكی بەرفراوان لە لایەن شۆفێرانی تەكسی بەكاردەهێنرێت، هەرچەندە ئەو مۆدێلە ماوەی ٢٥ ساڵە بەرهەم ناهێنرێت، بەڵام بەشێك لە شۆفێرانی گەنج ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە بەكاردەهێنن و دەیانەوێت لە نەمان بیان پارێزن. 

بەشێك لە شۆفێرانی 4L ئۆتۆمبێلەكانیان لە باو باپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە و ئەمانیش  بە باشی پاراستویانن، لەبەرئەوەی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە نرخەكەیان هەرزانە و سوتەمەنی كەم دەخۆن و بزوێنەرەكەیان بەهێزە، لە هەمانكاتدا بۆ لێخورین ئاسان و خۆشە.

جێی ئاماژەیە لەبەرئەوەی لە ئێستادا ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە بەرهەم ناهێنرێت، دەستكەوتنی پارچەكان ئەستەمە، بۆیە شۆفێرەكان هەندێك جار ئاو پارچانە بەكاردەهێنن كە لە هندەوە هاوردە كراون یان لە ئۆتۆمبێلی دەستی دوو پارچەكانیان دەست دەكەوێت. 

ئۆتۆمبێلی "4 ئێڵ" لە نێوان ساڵانی ١٩٦١ تا ساڵی ١٩٩٢ لە لایەن كۆمپانیای فەڕەنسی " ڕێنواڵت" وە دروستكراوە و نزیكەی ٨ ملیۆن ئۆتۆمبێلی لەو شێوەیە لە جیهاندا فرۆشراوە، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی "ڕێنواڵت 4 ئێڵ مادا"ی تایبەت بە پاراستنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە، نزیكەی ٢٠ هەزار ئۆتۆمبێلی " 4 ئێڵ' ' لە وڵاتی ماداگاسكار ماونەتەوە.



هەفتە پێشتر - Nov 29 2018 6:46PM
Print Friendly and PDF
زیاتر