هەمەڕەنگ

دوو ملیۆن كۆپی كتێبە نوێیەكەی میشێل ئۆباما فرۆشرا


دوای زیاتر لە ١٥ ڕۆژ لە بڵاوكردنەوەی نوێترین كتێبی خانمی پێشووی ئەمریكا " میشێڵ ئۆباما" بە ناوی " بیكەمینگ"-"Becoming" زیاتر لە دوو ملیۆن كۆپی لە ئەمریكا و كەندا فرۆشرا.

ڕۆژی ١٣ی مانگی ڕابردوو خانمی پێشووی ئەمریكا كتێبە یادەوەریەكەی كە ناوی " بیكەمینگ"ە بڵاوكردەوە، و تیایدا باس لە ئەزموونە كەسیەكانی خۆی و چۆنیەتی دۆزینەوەی دەنگی خۆی و ئەو كەمپەینە تەندروستیانەی كە سازیكردووە لە هەمانكاتدا باس لە كاتەكانی دەكات لە كۆشكی سپی، سەرەڕای ئەوانەش باسی ڕۆڵی خۆی دەكات وەك دایكێك.

هاوكات  لە شاری نیویۆرك هەوادارەكانی دەرفەتیان  پێدرا كە " میشێڵ ئۆباما" ببینن، میوانەكان ناچاربوون چەند سەعاتێك لە ڕیزدا بوەستن بۆ ئەوەی "میشێڵ" ببینن و واژۆیان لەسەر كتێبەكان بۆ بكات.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا  كتێبی هیچ یەكێك لە سەركردە و خانمەكانی ئەمریكا لەو ماوە كەمەدا ئەو بڕە كۆپیە زۆرەی لێنەفرۆشراوە، لە ئێستاشدا كتێبی " بیكەمینگ" لە نوسینی "میشێڵ ئۆباما" ٣،٤ ملیۆن كۆپی لێ چاپكراوە.



5 ڕۆژ پێشتر - Dec 6 2018 8:32PM
Print Friendly and PDF
زیاتر