تەندروستی

زانایانی زانکۆی ئۆکسفۆرد: دەرمانی "دێکسامێساسۆن" توشبووانی کۆرۆنا لە مردن ڕزگار دەکات


ماڵپەڕی "بی بی سی " بەریتانی لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە دەرمانی "دێکسامێساسۆن" یارمەتیدەرە لە ڕزگارکردنی ژیانی ئەو کەسانەی کە بە قورسی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایان گرتووە و دەکرێت وەک چارەسەر بۆ توشبووانی ڤایرۆسەکە بەکاربهێنرێت

ماڵپەرەکە هەواڵەکەی لە زاری کۆمەڵێک زانای زانکۆی ئۆکسفۆردەوە بڵاوکردۆتەوە و ڕایانگەیاندووە ''بە ڕوونی سوودی دەرمانەکە بۆ توشبووان دەرکەوتووە و بە ڕێژەی 1/3 ئەو توشبوانە ڕزگار دەکات کە ئامێری هەناسەدانی دەستکردیان بۆ بەکاردێت و لە بەشی چاودێری ورددان و بە ڕێژەی 1/5 ئەو کەسانەی کە توشی پەتاکە بوون و تەنها پێویستیان بە وەرگرتنی ئۆکسجینە''

تاقیکردنەوەی ئەم دەرمانە بەشێکە لەو هەوڵانەی کە بۆ دۆزینەوەی دەرمانی چارەسەری توشبوانی کۆرۆنا دەدرێت، شارەزایانی بەریتانیا پێیان وایە ئەمە بەرەوپێشچوونێکی باشە لە دۆزینەوەی چارەسەری کۆرۆنا، بەوپێیەی دەرمانی '' دێکسامێساسۆن" لە هەموو جیهاندا بەردەستە و نرخەکەی هەرزانە.

لێکۆڵەرانی بەریتانیا ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر ھەر لە سەرەتای بڵاووبونەوەی ڤایرۆسەکەوە ئەم دەرمانە بۆ توشبووانی پەتاکە بەکاربهاتایە ئەوا تا ئێستا ژیانی پێنج هەزار کەسی لە مردن ڕزگاردەکرد