هەمەڕەنگ

خانەیەکی بەساڵاچووان لە بەڕازیل " تونێلی لەئامێزگرتن " دروست دەکات

ماڵپەڕی "سی ئێن ئێن" لە هەواڵێکدا لەبارەی ژیان لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لەو وڵاتانەی کە پەتاکە تیایدا بڵاوبۆتەوە باس لە هەنگاوێکی نوێی خانەیەکی بەساڵاچووان دەکات لە باشووری بەڕازیل، کە شوێنێکی تایبەت لەژێر ناوی " تونێلی لەئامێزگرتن " دروستکراوە بۆ ئەوەی خزم و ئازیزانی بەتەمەنەکانی خانەکە سەردانیان بکەن و لەئامێزیان بگرن بەشێوەیەکی پارێزراو لە توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بیرۆکەی دروستکردنی ئەم شوێنە تایبەتە لە مانگی ڕابردووەوە گەڵاڵە بووە کاتێک لە ڕۆژی دایکان دا ستافی خانەکە هەست بە بێتاقەتی و خەمباری بەشێک لە بەتەمەنەکانی خانەکە دەکەن بەهۆی ئەوەی ناتوانن ڕاستەوخۆ منداڵ و ئازیزانیان ببینن.

خانەکە ماڵێکە بۆ 28 هاوڵاتی بەساڵاچوو کە لە ڕۆژی 17ی ئادارەوە کەرەنتینکراون و پەیوەندیان لەگەڵ دەرەوەدا تەنها لە ڕێگەی ڤیدیۆ و پەیوەندی تەلەفۆنییەوە ڕێگەپێدراو بووە

"تونێلی لەئامێزگرتن" لە شیتێکی پلاستیکی دروستکراوە و چوار کونی تێدایە بۆ قۆڵ و ڕێگەیەکی ئاسانە بۆ ئەوەی بەتەمەنەکان لەگەڵ ئازیزانیان یەکتر لە ئامێزبگرن بێ ئەوەی مەترسی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و گواستنەوەی ڤایرۆسەکەیان بۆ یەکتر هەبێت.