تەکنەلۆژیا

گروپێکی هاککەری ڕووسی کارمەندانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج


بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، گروپێکی هاککەری ڕووسی بە ناوی "ئیڤڵ کۆرپ" کە بە مانای دامەزراوەی خراپەکاری دێت، کارمەندانی ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی کە لە ئێستادا بەهۆی ڕێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ماڵەکانیانەوە کاروبارەکانیان ڕادەپەڕێنن بە ئامانج دەگرن و هەڕەشەی ڕاگرتنی ئەژمارەکانیان دەکەن و لە بەرامبەر دانەخستن و چالاککردنەوەی ئەژمارەکان داوای بڕە پارەیەک دەکەن.
لە هەواڵەکەدا هاتووە کە ئەندامانی "ئیڤڵ کۆرپ" هەوڵی شکاندنی ڕێوشوێنەکانی پاراستنی تۆڕی ئینتەرنێتی زیاتر لە ٣١ دامەزراوە و ڕێکخراویان داوە بە مەبەستی شکستپێهێنان و لە کارخستنی سیستمەکە و لە بەرامبەردا داوای ملیۆنان دۆلاریان کردووە وەک بارمتە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا وەزارەتی دادی ئەمریکا ناسنامەی دوو لە سەرکردەکانی ئەو گروپەی ئاشکرا کرد بە ناوەکانی " ماکسیم یاکوبێتس" و " ئیگۆر توراشێڤ " کە بە مەترسی هێرشکردنە سەر سیستەمی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دادەنران.
لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی ئەمریکا داوای یاساییان لەسەر ئەو دوو سەرکردەیەی "ئیڤڵ کۆرپ" تۆمارکرد و بە تۆمەتی ( دزینی ملیۆنان دۆلار و پارە لێکێشانەوەی بە زۆر ) لە دامەزراوە ئاینیەکان و خوێندنگاکانی زیاتر لە ٤٠ وڵات، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکردن بەڵام تا ئێستا دەستبەسەر نەکراون.
لە کۆتایدا، لێپرسراوانی ئەمریکا بڕی ٥ ملیۆن دۆلاریان وەک خەڵات تەرخانکردووە لە بەرامبەر هەر زانیارییەک لە بارەی شوێنی ئەو دوو هاککەرە، کە ئەمەش زۆرترین بڕەپارەیە وەک خەڵات تەرخان بکرێت لە بەرامبەر زانیاری دەربارەی تاوانبارانی تەکنۆلۆژی.